راچڵەكین -
هەنگاوەكانی واشنتۆن و مۆسكۆ بە ئاڕاستەی كۆتایی هاتنی شەڕ لە ئۆكراینا بەرەو پێشەوە دەچێت و هەردوولا بڕیاری پێكهێنانی لیژنەی دانوستانكار دەدەن بەمەبەستی گەیشتن بە رێككەوتنی ئاگربەست.
ئەمڕۆ سێشەممە لە ریاز-ی پایتەختی سعودیە، شاندی ئەمریكا و رووسیا بە سەرۆكایەتی وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات و بە چاودێریی وەزیری دەرەوی سعودیە، لەبارەی كۆتایی هێنان بە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆكراینا، كۆبوونەوە، ئەمەش بە یەكەمین كۆبوونەوەی نێوان ئەو دوو وڵاتە داەنرێت لەوەتەی جەنگەكە لە شوباتی ساڵی 2022 دەستی پێكردووە.
ماركۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، كە سەرۆكایەتی شاندی دانوستانكاری وڵاتەكەی دەكرد، لەدوای كۆتایی هاتنی كۆبوونەوەكە، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەگەڵ شاندی رووسیا گەیشتنە رێككەوتن بۆ پێكهێنانی لیژنەی باڵا بەمەبەستی دانوستان لەسەر كۆتایی هێنان بە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆكراینا و پتەوكردنی پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان واشنتۆن و مۆسكۆ.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا راشیگەیاند: پێویستە لەسەر هەموو لایەنەكان سازش بكەن لەپێناو سەركەوتنی هەوڵەكان و كۆتایی هێنان بەو جەنگەی كە ماوەی نزیكەی سێ ساڵە بەردەوامە.
ماركۆ رۆبیۆ پلانێكی بۆ چارەسەركردنی دۆخەكە خستەڕوو، كە لەسێ هەنگاو پێكدێت، ئاشكراشیكرد كە لەچوارچێوەی پلانەكەدا، كۆبوونەوەیەكی باڵا بە بەشداریی نوێنەرانی ئەوروپا و ئۆكراینا بەڕێوەدەچێت، وتیشی:" لەگەڵ لایەنی رووسیا رێككەوتین لەسەر گەڕاندنەوەی دیپلۆماتكار و فەرمانبەرانی هەردوو باڵیۆزخانەی رووسیا و ئەمریكا لە واشنتۆن و مۆسكۆ، بۆئەوەی دەستبەكارەكانیان بكەنەوەو پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی نێوانیشمان ئاسایی بكەینەوە".