راچڵەكین -
تەندروستی غەززە رایدەگەیەنێت، تیمەكانیان تەرمی چەندین هاووڵاتییان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەكانی كەرتی غەززە دەرهێناوە، بەمەش كۆی ژمارەی قوربانیانی هێرش و بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیل، بۆ زیاتر لە 48 هەزار و 290 كەس بەرزدەبێتەوە.
وەزارەتی تەندروستی فەلەستین لەكەرتی غەززە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەچوارچێوەی هەوڵی تیمەكانی تەندروستی بۆ گەڕان بەدوای تەرمی ئەو هاووڵاتیانەی بێسەرشوێن ببوون، تەرمی چەندین كەسیان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەكانی كەرتی غەززە دەرهێنا.
وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەكردووە بە دۆزینەوەی تەرمی ئەو ژمارە هاووڵاتییە، كۆی ژمارەی قوربانیان لە سەرەتای دەستپێكردنی هێرش و بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیلەوە تا رۆژی راگرتنی شەڕ، بۆ 48 هەزار و 291 كوژراو و 111 هەزار و 722 بریندار بەرزبووەوە.
لەدوای بڕیاری ئاگربەست، تیمە تەندروستییەكانی كەرتی غەززە هەڵمەتێكیان بۆ گەڕان بەدوای چارەنووسی هەزاران كەس لە هاووڵاتیانی غەززە دەستپێكرد، كە مەزەندە دەكرێت كوژرابن و تەرمەكانیشیان كەوتبێتە ژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەكان، وەزارەتی تەندروسەتی غەززە ئاماژەی بەوەكردووە كە بەهۆی كەمیی پێداویستییەكان، تیمەكانیان ناتوانن ئەركەكانیان بەباشی راپەڕێنن و لەناو باڵەخانە رووخاوەكان بەدوای تەرمی بێسەروشوێنبووەكانی غەززەدا بگەڕێن، كە بەپێی ئامارەكان ژمارەیان بە هەزاران كەس دەبێت.
رۆژی 19-1-2025 دوای 15 هەفتە لە هێرش و بۆردومانەكانی ئیسرائیل بۆسەر كەرتی غەززە، كە بەشی زۆری ژێرخانی ئابووری و باڵەخانی نیشتەجێبوونی وێرانبوو، بڕیاری ئاگربەست درا و شەڕ كۆتایی هات.