راچڵەكین-
دادگای فیدراڵی لەسەر سكاڵای د. لەتیف رەشید، سەرۆككۆماری عیراق، بڕیاریدا بە پابەندكردنی وەزارەتی دارایی عیراق بەپێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و بەجێكردن(تەوتین)ی مووچە.
پێشتر، د. لەتیف رەشید، لە دادگای فیدراڵی سكاڵای دژی سەرۆك وەزیران، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیری دارایی عیراق تۆماركردبوو، تیایدا داوایكردبوو وەزارەتی دارایی عیراق پابەند بكرێت بە دابەشكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم و بە بانكیكردنی موچەكانیان.
هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەكان لە سەرۆكایەتیی كۆماری عیراق، رایگەیاندووە، ئەمڕۆ سێشەممە 18-2-2025دادگاكە سكاڵاكەی لەبەرژەوەندی سەرۆككۆمار یەكلاكردەوە.
بەگوێرەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، دەبێت تەوتینكردنی مووچە، بەگوێرەی رێكارە پیادەكراوەكان بێت لەلایەن حكومەتی فیدراڵیەوە. هاوكات دەبێت پرۆسەكە بەهەماهەنگی نێوان وەزارەتی دارایی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی وئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت.
وەك لەبڕیارەكەی دادگای فیدراڵیدا هاتووە:" دەبێت ئازادی بدرێتە فەرمانبەر لە دیاریكردنی ئەو بانكەی خۆی دەیەوێت بۆ تەوتینكردنی مووچە."