راچڵەكین-
رۆژنامەی وەقائیعی عیراقی یاساكانی گەڕانەوەی موڵك و ماڵ بۆ خاوەنەكانیان، لێبووردنی گشتی، یاسای باری كەسێتی و هەمواری یاسای بودجەی گشتیی بڵاوكردەوە.
ئەمڕۆسێشەممە، 18-02-2025، هەر یەكە لە یاساكانی گەڕاندنەوەی موڵك و ماڵ بۆ خاوەنە ڕەسەنەكانیان؛ لێبووردنی گشتی، باری كەسێتی و هەمواری بودجەی گشتیی فیدراڵی، لە ڕۆژنامەی فەرمی حكوومەتی عێراق (وەقائیع) بڵاوكرانەوەو بەفەرمی چوونە بواری جێبەجێكردن.
ڕۆژی 21 كانوونی دووەمی 2025، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق دەنگی بە پرۆژە یاسای گەڕاندنەوەی خاوەندارێتیی موڵك و ماڵی داگیركراو بە فەرمانی ئەنجوومەنی ناسراو بە "قیادەی سەورە"ی هەڵوەشاوە و یاسای باری كەسیێتی و لێبوردنی گشتی دا.
یاساكان ئەمانەن:
- یاسای لێبوردنی گشتیی: ئەمە خواستی پێكهاتەی سوننەی لەسەر بوو، بەوپێیەی هەزاران كەس لە خەڵكی ئەم پێكهاتەیەك لەساڵانی رابردوودا لەلایەن دادگاكانی عیراقەوە بەتاوانی تیرۆر حوكمدرابوون، بەشێك لەمانە تەنیا راپۆرتی هەواڵدەری نهێنیان لەسەر بووەو سەركردەكانی سوننە دەڵێن بەزۆر دانپێدانانیان لێوەرگیراوە، بۆیە سوننە بە دەرچوونی ئەم یاسایە دەستكەوتێكی سیاسی گەورەی دەستكەوت.
- یاسای گەڕاندنەوەی موڵكەكان بۆ خاوەنەكانیان: ئەم یاسایە خواستی كوردی لەسەر بوو، بۆ گەڕاندنەوەی هەموو ئەو موڵكانەی كوردو پێكهاتەكانی تری وەكو توركمانە لە ناوچە جێناكۆكەكان بەهۆی هەندێك لە بڕیارەكانی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی هەڵوەشاوە (بەعس).
- یاسای هەمواری باری كەسێتیی: ئەم یاسایە لەسەر داوای شیعەكان داواكرا، یاساكە رێگە بە جێبەجێكردنی فیقهی جەعفەری دەدات و بەپێی ئەوەش دەرگا دەكاتەوە لەبەردەم بەشوودانی كچانی خوار تەمەن، ئەمە بەلای شیعەكانەوە گرنگ بوو لەو ڕوانگەی مەزهەبی شیعە بەسەر ناسنامەی عیراقدا زاڵ ببێت، بەڵام یاساكە رووبەڕووی ناڕەزایەتیی زۆری هێزو گروپە مەدەنییەكان بووەوە.
- هەمواری یاسای بودجە: ئەم یاسایە ڕۆژی 2ی شوباتی 2025 لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، دەنگی لەسەردراو ماددەی 12ـی تایبەت بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، پەسەند كرا.