راچڵەكین-
محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق بڕیاریدا بەپێكهێنانی لیژنەیەكی باڵا، بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكەی جووتیارانی كەركووك لەگەڵ سوپای عیراق.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردووەتەوە:" فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق چاودێریی ڕووداوەكەی دوێنێی جووتیارانی كەركووكی كرد، فەرمانی بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان دا لیژنەیەكی باڵا بۆ لێكۆڵێنەوە لە ڕووداوەكە پێكبێنرێت."
هاوكات ، محەمەد شیاع سودانی، فەرمانی كرد بریكاری وەزارەتی داد سەردانی كەركووك بكات و ڕێكاری پێویست سەبارەت بە زەوییەكانی ناوچەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان بگرێتەبەر.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق داوا لە سوپا، هێزەكانی ناوخۆ، پێشمەرگە، حەشدی شەعبی و دەزگا ئەمنی و هەواڵگیرییەكان دەكات پابەندی یاسا و فەرمانەكان بن، دان بەخۆدا بگرن و رێگری بكەن لەو كەسانەی كە نیازی ئاژاوەگێڕییان هەیە و دەیانەوێت سوود لە دۆخەكە وەربگرن.
هەروەها داوا لە هەموو لایەنەكان و هێزە سیاسییەكان دەكات بەشیوەیەكی ئارام مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكەن و پابەندی یاسابن و كار بكەن بۆ پشتیوانیكردنی هێزە ئەمنییەكان، لەپێناو پارێزگاریكردن لەدەسكەوتە ئەمنی و ئامانجە نیشتمانییە هاوبەشەكان.