فراكسیۆنی یەكێتی: پێویستە سوپا لەكەركوك و ناوچەكانی ماددەی 140 دووربخرێتەوە

کوردستان

پێش 3 هەفتە     ژمارەی بینراو 124

راچڵەكین-

فراكیسۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت،"پێویستە پەلە بكرێت لەدوورخستنەوەی سوپاو هەموو ئەوهێزەچەكدارانەی پەیوەست نین بە هێزەكانی ناوخۆوە لەكەركوك و ناوچەكانی ماددەی 140 ."

فراكیسۆنی یەكێتی، لەبارەی كێشەی زەوی وزاری جوتیاران بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوەو رایدەگەیەنێت: "وەكو فراكسیۆنی(ی.ن.ك) لەخولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕوونی و بە دەنگی بەرز ڕایدەگەیەنین كەپشتگیری تەواو لەجوتیارانی رەسەنی شەناغە و ناوچەی سەرگەڕان و تەواوی جوتیارانی خاوەن خاك و ماف دەكەین كە چەندان جارە دەكەونە ژێر هەڕەشەو پەلاماری سوپاو بەكارهێنانی سوپا لە دژی خاوەن زەوییەكان بەتووندی سەركۆنە دەكەین". 

راشیدەگەیەنێت: "جوتیارانی رەسەنی ئەو ناوچەیە ئەزموونێكی تاڵیان لەگەڵ دەستوەردانەكانی سوپا هەیە و چەندین ساڵە لە بری ئارامی كەچی سوپا بووە بەمایەی چەوساندنەوە و دەربەدەركردنیان، بۆیە لێرەوە ڕایدەگەیەنین كەپێویستە هەرچی زووە پەلە بكرێت لەدورخستنەوەی سوپا و هەموو ئەوهێزەچەكدارانەی پەیوەست نین بە هێزەكانی ناوخۆوە لەكەركوك و ناوچەكانی ماددەی 140 ".

فراكیسۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بەوەشدەكات: "بەكارهێنانی سوپاو رەفتاری لەو شێوەیە بەرامبەر جوتیارانی رەسەنی ناوچەكە هەنگاوێكی مەترسیدارە و بەردەوامی ئەم پێشێلكارییانە، ئایندەی پێكەوە ژیانی ئاشتیانە دەخاتە مەترسییەوە، لەو سۆنگەیەوە پێمان وایە رێگە راستەكەی چارەسەر دەستور و یاسایە و ئەوانیش ئەو مافەیان بەجوتیارانی رەسەنی ناوچەكە بەخشیوە، بۆیە هەر هەنگاوێكی دیكە لەدەرەوەی چوارچێوە یاساییەكان ، پێشلكردنی ئاشكرای دەستوری عیراقی فیدراڵە".

لەكۆتایی راگەیەندراوەكەی فراكسیۆنی یەكێتیدا هاتووە: "لێرەوە فراكسیۆنەكەمان، هەر یەك لەبەڕێزان محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عیراق و وەزیری بەرگری حكومەتی فیدراڵ، دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی دەستوری و میژووییەوە كەپێویستە سەرو ماڵی جوتیاران پارێزراو بێت و رێگریی بكەن لە هەر دەستوەردانێكی سوپا لەو ناوچانە، جارێكی دیكە دووپاتی دەكەینەوە بەتەواوی پشتگیری جوتیاران دەكەین و داوا دەكەین بە هاوكاریی هەموو لایەنەكان لە كەركوك هەوڵی چارەسەركردنی یەكجاریی ئەم كێشەیە بدرێت و پێداگیری دەكەین لەسەر سزادانی سەرپێچیكاران و ئەوانەشی فەرمانیان بە بەكارهێنانی سوپا لە دژی جوتیارانی كورد داوە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن