یەکێتی لەسەر رێگرییەکانی سوپای عیراق دێتە دەنگ

کوردستان

پێش 3 هەفتە     ژمارەی بینراو 225

راچڵەکین-

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەبارەی ئەو رێگرییەی ئەمڕۆ لە جوتیارانی کورد لە دەوروبەری کەرکووک رویدا، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان راگەیاندراوێکی لەبارەی دەستێوەردانەکانی سوپای عێراق لە کێشەی زەوی و زار لە دێهاتەکانی دەورووبەری کەرکووک بڵاوکردەوە و تێیدا داوا لە حکومەتی ئیتحادی دەکات رێگا لەو دەستێوەردانانە بگرێت.

دەقی راگەیاندراوەکەی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان:

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوا لە حکومەتی ئیتحادی دەکات رێگا لە دەستتێوەردانەکانی هێزەکانی سوپا بگرێت لە کەیسی زەویزاری دێهاتەکانی کەرکوک و دەوروبەری و فەرمان بە یەکەکانی سوپای وڵات بکات پابەندی بەرپرسیارێتیی نیشتمانیی و دەستوری خۆی بێت لە دەستوەرنەدان لە گرفتە ناوخۆییەکانی ناو کۆمەڵگەی عیراقی و پێکهاتەکانی.

یەکێتیی نیشتمانیی پێی وایە  ئیشی سوپا نییە بەشێک بێت لە گرفتە ناوخۆییەکان و چارەسەری ململانێکانی زەویوزار و موڵکداریش  هەرگیز بە بەکارهێنانی ناڕەوای هێز و پەلاماردانی هاوڵاتیان سەرناگرێت و رێگا دروستەکەی چارەسەری ناکۆکی لەسەر موڵکوماڵ نییە.چونکە لایەنگیری  دامەزراوەکانی دەوڵەت ، بەتایبەتیش  سوپا کە ئەرکی پاراستنی سنوورەکانی وڵاتە ،  بۆ هەر  لایەنێک لە هەر ململانێیەکی ناوخۆییدا پێشینەیەکی  مەترسیدارە و پێشێلکردنی دەستوری وڵاتیشە، هەروەک پێشێلکردنی یاسا پەسەندکراوەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانیشە کە تازەکیی بڕیارەکانی رژێمی پێشووی بەعسی لەسەر موڵک و زەویوزاری جوتیاران هەڵوەشاندۆتەوە.

ئێمە پێمان وایە دیاردەی خۆهەڵقورتاندنی  هێزەکانی سوپای  لە کێشەی  زەویوزار لە ناوچەیەکی هەستیاری وەکو ناوچە دابڕاوەکانی کەرکوک هیچ ژینگەیەکی تەندروست بۆ بەرقەرارکردنی یاسا و دەستوور دابین ناکات، بەڵکو ئاڵۆزتریشی  دەکات. ئەرکی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی ئیئتلافیشە روونتر  ئەم بەرپرسیارێتییە نیشتمانیی و دەستورییە بگرێتە ئەستۆ و بە هیممەتتر لەسەری بێتە جواب.

مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن