حکومەتی هەرێم هۆشداریی لە هەڵسوکەوتەکانی سوپای عیراق دەدات

کوردستان

پێش 3 هەفتە     ژمارەی بینراو 290

راچڵەین

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو رێگرییەی ئەمڕۆ لە جوتیارانی کورد لە دەوروبەری کەرکووک رویدا، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێمدا هاتووە، "ئەم هەڵسوکەوتانەی سوپای عیراق پێچەوانەی دەستور و ئەو بنەمایانەیە کە عیراقی نوێی لەسەر بنیاتنراوە".

دەقی راگەیاندراوەکە:

ئەمڕۆ سوپای عێراق بۆ جارێکی تر لە دەوروبەری کەرکووک و بە تایبەتی گوندی شەناغە و چوار گوندی دیکەی سەر بە شارەدێی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک، رێگری لە جووتیارانی کورد کرد بچنە سەر زەوییەکانیان.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرەوپێشچوون هەبووە لە نەهێشتنی شوێنەواری بڕیارەکانی رژێمی پێشوو لە گۆڕینی دیموگرافیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و دەستبەسەرداگرتنی زەوی و موڵکی خەلکی ڕەسەنی ناوچەکە . ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش ، مانگی ڕابردوو ، پرۆژە یاسایەکی تایبەت بە گەڕاندنەوەی زەویوزار بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان پەسەند کرد.

ئەم هەڵسوکەوتانەی سوپای عێراق، پێچەوانەی دەستوور و ئەو بنەمایانەیە کە عێراقی نوێی لەسەر بنیات نراوە، چونکە بەکارهێنانی سوپا بۆ ئەم مەبەستانە، پێچەوانەی یاسا و دەستوورە و پێویستە هەرچی زووتر، ئەم هەڵسوکەوتانە کۆتایی پێ بهێنرێت بەر لەوەی لێکەوتەی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە.

نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2025/2/17

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن