دواجار ئەسمائەسەد بێدەنگی شكاند

جیهان

5 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 356

راچڵەكین-

ئەسما ئەسەد، هاوسەری بەشار ئەسەدی سەرۆكی پێشووی سوریا بۆیەكەمجار لەدوای رووخانی رژێمی بەعس لەسوریا، هاتە دەنگ و چەند پەیامێكی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی X بڵاوكردەوە.

ئەسما ئەسەد، لەیەكێك لەپەیامەكانیدا دەڵێت، لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا لەبەرامبەر بابەتە سیاسییەكاندا " بێدەنگی" هەڵبژاردووەو لەداهاتووشدا هیچ دەستوەردانێكی لەو بوارەدا نابێت.

ئەسما دەڵێ، دوای ماوەیەك لەهەڵبژاردنی بێدەنگی، جارێكی تر كاتی ئەوە هاتووە كە دەستپێبكاتەوە" ئومێد و گۆڕانكاری هیچ كات ناوەستن، با پێكەوە دەستپێبكەینەوە". جەختیش لەوە دەكات " سوریا بەو هەموو جوانی و مێژووە رەسەنەی هەیەتی، هەمیشە لەدڵماندا دەبێت، هیوای ئارامی و گەشەكردن بۆ گەلەكەی دەخوازم، بە هیوای ئەوەی رۆژە خۆشەكان بگەڕێنەوە خۆشگوزەرانی باڵ بكێشێت بەسەر تەواوی خاكەكەیدا."

ئەسما ئەسەد دەڵێت:" ژیان بەرەو چەند ئاڕاستەو رێگایەكمان دەبات كە پێشتر پلانمان بۆ دانەڕشتووە، فێربووین، گۆڕاین، چەند دەرگایەكمان بۆ دەكرێتەوە كە بۆ رۆژێكیش بەبیرماندا نەهاتوون، هەموو قۆناغێك وانەو پەندی خۆی هەیە، هەموو گۆڕانكاریەكیش واتای تایبەت بەخۆی هەیە."

ئەسما ئەسەد، لەبەشێكی تری پەیامەكانیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی X نوسیوویەتی:" هەموو مرۆڤێك رێڕەوو ئاراستەی تایبەت بەخۆی هەیە، هەندێ لەو رێڕەوانەش رۆژێك لەرۆژان بژاردەی من نەبوون، هەندێك قۆناغ هەن لە ژیاندا ناسڕدرێنەوە، بەووردو درشتییەوە لە هزرماندا دەمێننەوە، كاتی ئەوە هاتووە هاوبەشیان پێ بكەین؟"

رۆژی 8ی كانوونی یەكەمی 2024 رژێمی بەشار ئەسەد دوای 13 ساڵ لەسەرهەڵدانی گرژییەكانی ئەو وڵاتە، كۆتایی پێهات و خۆیی و خانەوادەكەی لەدوا ساتەكانی دەسەڵاتیدا بەنهێنی روویان لەڕووسیا كردو لەوێ داڵدەدران.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن