راچڵەكین-
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لەچوارچێوەی گەشتەكەیدا بۆ ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست كە ئیماراتیش دەگرێتەوە، بەسەردانێكی فەرمی گەیشتە ڕیاز پایتەختی سعوودیە.
كەناڵی "ئیخبارییە"ی سعودیە بڵاویكردەوە كە ماركۆ ڕۆبیۆ، بەسەردانێكی فەرمی گەیشتووەتە ڕیاز، بێ ئەوەی وردەكاری زیاتر لەوبارەیەوە بخاتەڕوو.
هەفتەی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندبوو، ڕۆژانی 13 تا 18ی ئەم مانگە، ماركۆ ڕۆبیۆ بۆ بەشداریكردن لە گفتوگۆ دیپلۆماسییەكانی سەر ئاستی باڵا، سەردانی ھەریەك لە ئەڵمانیا، ئیسرائیل، سعودیە و ئیمارات دەكات.
لەو كاتەی ماركۆ ڕۆبیۆ لە 21 ی كانوونی دووەمی ڕابردوو وەك وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەستبەكاربوو، ئەوا یەكەمجارە سەردانی سعوودیە دەكات.
ڕۆژی شەممەی ڕابردوو وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ماركۆ ڕۆبیۆ بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە تەل ئەبیب، لەو سەردانەیدا پرسی ئێران و قۆناغی دووەمی ڕێككەوتنی ئاگربەست لە غەززە لەگەڵ نیامین ناتانیاھو-ی سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، تاوتوێكرد.