راچڵەكین-
وەزیری كارەبای هەرێمی كوردستان بەوەكالەت دەڵێت، تاوەكو كۆتایی ساڵی 2026، لە تەواوی هەرێمی كوردستان كارەبای نیشتمانی دەبێتە 24 كاتژمێری.
ئەمڕۆ دووشەممە، كەمال محەمەد، كەلەهەمان كاتدا وەزیری سامانە سروشتییەكانیشە لەكۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا باسی لەپرۆژەی رووناكی كرد بۆ كارەبای 24 كاتژمێری و ووتی :" ئێستا لە 12 گەڕەكی هەولێر و چەند شوێنێكی پارێزگاكانی دیكە جێبەجێ دەكرێت و گوتی، "بەهۆی پڕۆژەكەوە ئێستا 110 هەزار هاوبەشی كارەبا 24 كاتژمێر كارەبای نیشتمانییان پێدەگات."
ئاماژەی بەوەشكرد: مانگی داهاتوو چەندین مێگاوات بەرهەمهێنان بۆ كارەبای هەرێمی كوردستان زیاتر دەبێت."
لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، وەزیری سامانە سروشتییەكان ئاماژەی بەوەكرد:" "هەمواری یاسای بودجە دوێنێ لەلایەن سەرۆككۆمارەوە واژۆ كراوە و هیچ كێشەیەكی تەكنیكی بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان نەماوە."
وتیشی: "بەربەستەكانی هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان لابراون و مانگی داهاتوو هەناردەكردن دەستپێدەكاتەوە."
بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە، 23 مانگە هەر مانگەو كەمتر لە ملیارێك دۆلار زیان بە عیراق و هەرێمی كوردستان گەیشتووە. عیراقیش گەیشتە ئەو بڕوایەی زیانی گەورەی لە خۆی و هەرێمی كوردستانیش داوە، بۆیە هەمواركردنی بودجە پەسەند كرا." كەمال محەمەد وای ووت.
وەزیری سامانە سرووشتییەكان بەوەكالەت ئاماژەی بەوەش كرد، ئەمڕۆ شاندێكی وەزارەتی نەوتی عیراق دێتە هەرێمی كوردستان و بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان سبەی دەستدەكەن بە كۆبوونەوەكانیان: "رێكارە یاساییەكان تەواو بوون، بەڵام، رەزامەندیی لایەنی توركیاشی دەوێت، چونكە نەوتەكە بەرەو توركیا دەچێت."