راچڵەكین-ئاسۆ شەیدا
ئاژانسێكی هەواڵی عیراقی بڵاویكردووەتەوە، بەگوێرەی پلانێكی ئەمریكا، نزیكەی 250 هەزار فەڵەستینی دانیشتووی غەززە بەرەو عیراق كۆچیان پێدەكرێت.
ئاژانسی هەواڵی " بەغداد ئەلیەوم" پشتبەستوو بەراپۆرتێك كەلە نووسینگەی هاوكاریە دەرەكییەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بڵاوكراوەتەوە ئاماژەی بەوەكردووە، پلانەكە لەساڵی 2017 تایبەت بە كۆچپێكردنی دانیشتووانی كەرتی غەززە بۆ وڵاتانی دەوروبەر، دارێژراوەو دوای لێدوانەكانی دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا لەبارەی غەززە، جارێكی تر بووەتەوە باسی رۆژ.
پلانەكە بەجۆرێكە، دانیشتووانی غەززە بەگوێرەی رێژەی دانیشتووانی وڵاتانی ناوچەكە بەسەریاندا دابەشدەكرێن، لەگەڵ تەرخانكردنی كۆمەكی دارایی بۆ ئەو ولاتانە لەلایەن ئەمریكا.
بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسە عیراقییەكە بێت، پلانەكە بەجۆرێكە كە 1 ملیۆن هاوڵاتی فەڵەستینی لەكەرتی غەززە بەرەو میسر كۆچیان پێدەكرێت، لەبەرامبەریشدا بڕی 1.3 ملیار دۆلار وەك كۆمەكی دارایی لەلایەن ئەمریكا بەو وڵاتە دەدرێت. هاوكات 500 هەزار فەڵەستینی تر بەرەو توركیا كۆچیان پێدەكرێت و لەبەرامبەردا 150 ملیۆن دۆلار لەلایەن ئەمریكاوە بە ئەنقەرە دەدرێت.
عیراقیش كەیەكێكە لەو ولاتانەی لەپلانەكەی نووسینگەی هاوكاریە دەرەكییەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكادا ناوی هاتووە، 250 هەزار دانیشتووی كەرتی غەززە لەخۆدەگرێت و لەبەرامبەردا نزیكەی 1 ملیار دۆلاری لەلایەن ئەمریكاوە وەك كۆمەكی دارایی پێدەدرێت.