راچڵەكین- ئاسۆ شەیدا
نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا بۆ گفتوگۆكانی تایبەت بە جەنگی ئۆكراینا ئاشكرای دەكات، وڵاتانی ئەوروپا بەشدار نابن لەگفتوگۆكانی نێوان واشنتۆن و مۆسكۆ بۆ كۆتایی هێنان بەو جەنگە.
رۆژنامەی گاردیان-ی بەریتانی لەزاری كیس كیلۆگ، نێردە تایبەتەكەی سەرۆكی ئەمریكا بڵاویكردووەتەوە، لەماوەی رابردوودا چەندین هەوڵ هەبوون بۆ كۆتایی هێنان بەجەنگی ئۆكراینا- روسیا، بەڵام بەهۆی تێوەگلانی زۆرێك لەوڵاتان لەجەنگەكە، نەتوانراوە گرەنتی پرۆسەكە بكرێت و هەوڵەكان شكستیان خواردووە.
هاوكات سەرچاوەیەكی ئەمریكی ئاماژەی بەوەكردووە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەرپرسانی ئەمریكا- رووسیاو ئۆكراینا، لە سعودیە چاویان بەیەكدی بكەوێت بە مەبەستی ئامادەكاری بۆ كۆبوونەوەیەكی نێوان دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكاو ڤلادیمێر پوتن-ی هاوتا رووسییەكەی.
ئەوەش لەكاتێكدا دێت كۆشكی ئیلێزێ بڵاویكردووەتەوە، بڕیارە بەم نزیكانە لە پاریس-ی پایتەختی فەڕەنسا، گەورە بەرپرسانی ئەوروپا، كۆبوونەوەیەكی نافەرمی لەبارەی جەنگی ئۆكراینا ئەنجام بدەن، وەك كاردانەوەیەك لەبەرامبەر پلانەكانی ترەمپ بۆ كۆتایی هێنان بەجەنگی ئۆكراینا- رووسیا.
سەرانی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا دژی ئەوەن ئەمریكا تاكلایەنە و بەبێ بەشداری ئەوان بچێتە گفتوگۆوە لەگەڵ رووسیا، لەبارەی كۆتایی هێنان بەجەنگی ئۆكراینا.
هەفتەی رابردوو، لەپەیوەندییەكی تەلەفۆنی نێوان ترەمپ و پوتن، هەردوولايان رێكەوتن لەسەر دەستپێكردنی پرۆسەی گفتوگۆكردن بۆ كۆتایی هێنان بە جەنگی ئۆكراینا بە " پەلە"، ئەوەش بووە هۆی دروستبوونی دڵە راوكێی كیێڤ و هاوبەشە ئەوروپییەكانی، بەوەی كە مەترسی ئەوەیان هەیە بەدووربگیرێن لە گفتوگۆكانی ئاشتی.