راچڵەكین -
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لەچوارچێوەی كەمكردنەوەی ژمارەی كارمەندانی دام و دەزگا حكومییەكانی ئەمریكا، بڕیاریدا زیاتر لە 300 كارمەندی دەزگای ئاسایشی ئەتۆمی نیشتمانیی ئەو وڵاتە لەكارەكانیان دووربخاتەوە.
بەگوێرەی هەواڵێكی كەناڵی (CNN). ئیدارەی نوێی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ، لە چوارچێوەی هەڵمەتێكدا بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و كەمكردنەوەی ژمارەی كارمەندە ناپێویستەكان، بڕیاریدا بە دەركردنی زیاتر لە 300 كارمەندی لە دەزگای ئاسایشی ئەتۆمی نیشتمانی.
ئەم بڕیارەی ئیدارەی نوێی ئەمریكا لەدوای لێدوانی چەند بەرپرسێكی باڵای وڵاتەكە دێت كە رایانگەیاندبوو بیرۆكراتیەت لە دام و دەزگا حكومییەكانی ئەمریكادا هەیەو ژمارەیەكی زۆر كارمەندیش هەن كە پێویست نین و زیادەن.
بەگوێرەی پلانێكی كۆشكی سپی كە هێشتا بەفەرمی بڵاونەكراوەتەوە، لەداهاتوودا زیاتر لە 200 هەزار كارمەندی دەزگا جۆراوجۆرەكانی ئەمریكا لەكارەكانیان دووردەخرێنەوە.