لە رێگەی بۆرییەوە غاز هاوردە دەکرێت

عێراق

پێش 1 هەفتە     ژمارەی بینراو 243

راچڵەکین-

بۆ هاوردەکردنی غازی شل و گەیاندنی بە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا شێوازێکی نوێ کۆمپانیای غازی باشور رایگەیاند، هاوردەکردنی غاز بەو شێوازە دەبێتە جێگرەوەی غازی ئێران و خەرجی ساڵانەی کڕینەوەی غاز کەمتردەبێتەوە. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە ،13-2-2025، حەمزە عەبدولباقی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای غازی باشوور کە سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراقە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، پلانیان هەیە بۆ دامەزراندنی سەکۆیەکی نوێ بۆ هاوردەکردنی غاز و گەیاندنی بە وێستگەکانی بەرهەمهێانی کارەبا، ئەویش هاوردەکردنی غازە لە رێگەی بۆرییەوە.

حەمزە عەبدولباقی باسی لەوەشکرد، پڕۆژەکە کاتێکی کەمتری دەوێت بۆ هاوردەکردنی غاز و هەروەها لە رێگەی تۆڕێکی بۆرییەوە بە درێژایی 40 کیلۆمەتر ئەنجام دەدرێت. وتیشی، " دانوستانیان لەگەڵ کۆمپانیان نێودەوڵەتییەکان کردووە بۆ هاوردەکردنی غازی شل ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە تێچووی کڕینی غازمان لەسەر کەمترببێتەوە و لە بەرامبەرەدا داهاتی ژێرخانی بەرهەمی نەوتی زیادبکات". 

ئەوەشی خستە روو، ئەم پڕۆژەیە دەتوانێت ببێتە شوێنگرەوەی غازی ئێران کە لە ئێستادا هاوردەکردنی بۆ عێراق راگیراوە و بەم رێگەیە عێراق دەتوانێت پێداویستییەکانی ناوخۆی پڕبکاتەوە.

پێشتریش رۆژی 7-2-2025، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە پلانیاندایە تاوەکو ساڵی 2028 کۆتایی بە هاوردەکردنی غاز و سووتەمەنی و رۆن بهێنن لە ئێرانەوە، بۆ ئەو مەبەستەش چەند رێککەوتنیکیان لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان ئەنجامداوە. 

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن