راچڵەكین -
لەئەنجامی هێرشێكی ئاسمانیی سوپای عیراق بۆسەر مۆڵگەكانی داعش لەسنووری پارێزگای ئەنبار، ژمارەیەك چەكداری ئەو گروپە تیرۆیرستییە كوژران و حەشارگەكەشیان خاپوور كرا.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان بەهاوكاریی هێزی ئاسمانی بۆ لەناوبردنی پاشماوەكانی داعش، هێزەكانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان بە هەماهەنگیی دەزگای هەواڵگری سەربازیی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، حەشارگەیەكی تیرۆریستانی داعشیان لەسنووری شارۆچكەی راوە لە پارێزگای ئەنبار دەستنیشانكرد، كە ژمارەیەكی چەكداری ئەو گروپەی تێدابوو.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، هێزی ئاسمانیی عیراق لەڕێگەی فڕۆكەی جەنگیی (F-16) هێرشێكی بۆسەر حەشارگەكەی تیرۆریستان ئەنجامداو جگە لە خاپووركردنی حەشارگەكە، پێنج چەكداری داعش كوژران و تەواوی چەك تەقەمەنییەكانی ناو حەشارگەكەش لەناوبران.
لەلایەكی دیكەوە شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عیراق بڵاویكردەوە، لەئەنجامی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی لەسنووری پارێزگای كەركوك، دوو چەكداری داعش لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كوژران و دەستیش بەسەر چەندین بۆمب و تەقەمەنیدا گیرا، كە تیرۆیستەكان بەنیازبوون لە كردەوەی تیرۆریستیدا بەكاری بهێنن.