راچڵەکین-
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم با راچڵەکین-ی راگەیاند، هەستاون بە ئامادەکردنی کۆگاکان بۆ دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی یەکی ئەمساڵ و لە چەند رۆژی رابردوودا کۆتاییان بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی 10ـی ساڵی رابردوو هێنا. دەشڵێت، "بەر لەمانگی رەمەزان چەند بەرهەمێکی خۆراکی بۆ بەشەخۆراکی هاوڵاتیان زیادبکرێت کە خۆیان لە پاقلەمەنییەکان دەبینێتەوە".
ئەمڕۆ چوارشەممە، 12-2-2025 نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەشەخۆراکی مانگی یەک بە راچڵەکین-ی راگەیاند، لە هەفتەی داهاتوودا دەستبە رێکارەکانی دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی یەکی ئەمساڵ دەکەن و بریاریشە چەند ماددەیەکی خۆراکی زیادبکرێت بەهۆی مانگی رەمەزانەوە و لەچەند رۆژی داهاتوودا لیستی ئەو ماددە خۆراکیانە بڵاودەکەنەوە.
نەوزاد شێخ کامیل ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو بەشەخۆراکەی کە زیاد دەکرێت تەنها بۆ مانگی رەمەزانە و بەشەخۆراکی مانگەکانی دیکە بریتییە لە ( 3 کیلۆ برنج، 1 کیلۆ شەکر، 1 لیتر زەیت، لەتکە نۆک و نیسک و دۆشاو و ئارد) و هیچ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا نایەت.
باسی لەوەش کرد، لە ئێستادا لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە فۆرمێکیان بۆ نێردراوە و ئەوانیش هەستاون بە دروستکردنی نەرمەواڵەیەکی تایبەت بە " هاوڵاتی، بریکار، بەڕێوەبەرایەتی پیشەسازی " کە لەم قۆناغەدا هەڵدەستن بە بەستنەوەی هاوڵاتیان و بریکارەکانی خۆراک تاوەکو دڵنیابنەوە لە کوالێتی ئەو بەرهەمانەی کە لەلایەن بریکارەکانی خۆراکەوە دابەشدەکات.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم جەختی لەوەش کردەوە، داوایانکردووە کە چەند ناوەندێکی بازرگانی پاڵپشتیکراو لە هەرێمی کوردستان بکرێتەوە تاوەکو بتوانن چەند ماددەیەی خۆراکی وەک گۆشت و مریشک و هیلکە و شیرەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراو لە بازاڕەکانی هەرێم بۆ هاوڵاتیان دابین بکەن.