هەزاران عێراقی لە کەمپی هۆل چاوەڕێی گەڕانەوەن

عێراق

پێش 1 هەفتە     ژمارەی بینراو 111

راچڵەکین-

راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق رایگەیاند، کەمپی هۆل دەبێت لە سووریی و بیانییەکان چۆڵ بکرێت چونکە  سێ هەزار تیرۆریستی سوریی رادەستی دادگاکانی عێراق کراون تاوەکوو لەسەر ئەو توندوتیژییانەی کردوویانە، دادگایی بکرێن.

ئەمرۆ سێشەممە، 11-2-2025، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق لە سێیەمین کۆنفرانسی رۆژی جیهانی رێگریی لە توندڕەوی و توندوتیژی رایگەیاند، " وەک عێراق دەبێت هەوڵەکانمان دوو هێندە بکەین بۆ وشککردنی بیری توندڕەوی هەروەها دەبێت گەلان بە خۆشەویستی ئاشتی بژین لە ناوچەکەدا".

قاسم ئەعرەجی ئاماژەی بەوەش دا، تاوەکوو ئیستا لە عێراق 12 هەزار هاووڵاتی خۆی لە کەمپی هۆل گەڕاندووەتەوە، هەروەها 16 هەزار کەسی دیکەش چاوەڕوانیی گەڕانەوەن.وتیشی، " ئێمە پابەندین بەگەڕاندنەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان، بەڵام هیوادارین ئەو کەمپە لەهەموو ئەو سووریی و بیانیانە چۆڵ بکرێت کە تێیدا نیشتەجێن تاوەکوو نەبنە هۆی مەترسی". 

لەلایەکی دیکەشەوە كه‌ریم نوری، بریكاری وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق رایگەیاند،  ئه‌وانه‌ی له‌ كه‌مپی هۆله‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه‌ له‌ كه‌مپی جه‌دعه‌ ده‌خرێنه‌ ژێر به‌رنامه‌ی دووباره‌ شیاندنه‌وه‌ و سڕینه‌وه‌ی بیری توندڕه‌وییه‌وه‌، دواتر تێكه‌ڵ به‌ كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كرێنه‌وه‌، چونکە 11 رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی و لایه‌نی عێراقی بەشداری ئەو بەرنامەیە دەکەن. دەشڵێت، " له‌ساڵی 2021ـه‌وه تا ئه‌مساڵ‌ دوو هەزار  و442 خێزان كه‌مپی جه‌دعه‌یان جێ شتووه‌ و دوو هەزار و 461  خێزانی دیكه‌ش ماون کە دوای شیاندنەوەیان ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه‌ ناوچەکانیان.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن