راچڵەکین-
دوای ئەوەی بە نێوەندگیری هەریەک لە وڵاتانی بریتانیا،فڕەنسا،قەتەر،ئەمریکا ئاگربەستێکی سێ قۆناغی لەنێوان حەماس و سوپای ئیسرائیل راگەیەندرا، بەر لە تەواوبوونی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە کە تیایدا ئاڵوگۆڕی دیلەکان دەکرا بەرپرسێکی حەماس رایگەیاند، ئاگربەستەکە نزیکە لەوەی کە هەڵبوەشێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 11-2-2025 ، رۆژنامەی گاردیەن لە زاری بەرپرسێکی باڵایی حەماسەوە بڵاویکردەوە، ئەوان وەک حەماس ئازادکردنی بارمتەکانی لای خۆیان بەتەواوی دوادەخەن، ئەوەش لەبەرئەوەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل سوپای وڵاتەکەی خستووەتەوە باری ئامادەباشییەوە و تەلئەبیب پابەندی بەندەکانی رێککەوتنی ئاگربەست نەبووە.
سەرکردەکەی حەماس ئاماژەی بەوەش کرد، ئامادەن بۆ هەر سیناریۆ و پێشهاتێکی نوێ لە غەزە رووبدات.
لەلایەکی دیکەشەوە، ناوەندێکی توێژینەوەی میسری بە رۆیتەرزی رایگەیاند، لەوە دەترسن ئەمە شکاندنی ئەو ئاگربەستە بێت، ماوەی سێ هەفتەیە چووەتە بواری کارپێکردنەوە بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا حەماس چاوەڕوانی وەڵامی واشنتنە بۆ ئەوەی دڵنیایی وەربگرێت قۆناغی یەکەمی ئاگربەست جێبەجێ دەکرێت یان نا لە هەر ئەگەرێک کەببێتە نا دڵنیایی ئاگربەست و هەڵوەشانەوەی ئاگربەستەکە ئەوە کارەساتێکی مرۆیی گەورە بەسەر ناوچەکەدا دێت.
قۆناغەکانی ئاگربەست لە کەرتی غەززە بەم جۆرەیە؛
بەگوێرەی رەشنوسی ئاگربەست لەیەکەم قۆناغی ئاگربەستەدا کە ماوەی 42 رۆژ دەخایەنێت 735 بەندكراوی فەلەستینی ئازاد دەكرێن و ئەم قۆناغەش پێی دەوترێت'ئاڵوگۆڕی دیلەکان'، چونکە پێش هێرشەكەی حەماس پێنج هەزار و 250 فەلەستینی بەندكراو بوون لە ئیسرائیل و لە دوای دەستپێکی ئاڵۆزییەکانی حەماس و ئیسرائیل ژمارەیان گەیشتووەتە زیاتر لە 10 هەزار و 250 کەس.
رێککەوتنەکە لە سێ قۆناغ پێکهاتووە و بەیەکەوە بەستراونەتەوە:
قۆناغی یەکەم 42 ڕۆژ دەخایەنێت
راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بە شێوەیەکی کاتی لەلایەن هەردوولا، لەگەڵ کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵات و دوورکەوتنەوەی لەو ناوچانەکانی دانیشتوانی چڕ بە درێژایی سنوورکانی کەرتی غەززە.
راگرتنی سوڕانەوەی فڕۆکە سەربازیی و چاودێرییەکانی سوپای ئیسرائیل لە ئاسمانی غەززە لە هەر ڕۆژێکدا بۆ 10 کاتژمێر، دوای ئازادکردنی زیندانی و ڕفێندراوەکان ماوەکە بۆ 12 کاتژمێر درێژ دەکرێتەوە.
گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانییان و لە بەرانبەردا کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە دۆڵی غەززە (میحوەری نەتزاریم و فلکەی کوەیت).
لە ڕۆژی سێیەم و دوای ئازادکردنی سێ لە بارمتەکان، سوپای ئیسرائیل بە تەواوی لە ڕۆژهەڵاتەوە لە شەقامی ڕەشید بۆ شەقامی سەلاحەدین دەکشێتەوە و هەموو ناوچە سەربازییەکانی چۆڵ دەکات، لە بەرانبەردا ئاوارەکان بەبێ هەڵگرتنی چەک بۆیان هەیە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان و بە ئازادیی و بەبێ ڕێگری هاموشۆ بکەن لە سەرتاسەری ناوچەکانی کەرتی غەززە، هەروەها بەبێ هیچ ڕێگرییەک دەبێت لە ڕۆژی یەکەمەوە لە ڕێگەی شەقامی ڕەشید هاوکارییە مرۆییەکان بگەیەندرێتە غەززە.
لە رۆژی 22یەمین ڕێککەوتنی ئاگربەست (دوای ئازادکردنی نیوەی زیندانییە مەدەنییە زیندووەکان کە سەربازە ئافرەتەکانیش دەگرێتەوە)، سوپای ئیسرائیل لە ناوەندی کەرتی غەززە دەکشێتەوە (بە تایبەتی لە میحوەری نەتزاریم تاوەکوو فلکەی کوەیت) لە ڕۆژهەڵاتی شەقامی سەلاحەدین بۆ ناوچەیەکی نزیک سنوور، هاوکات تەواوی بنکە و مۆڵگە سەربازییەکانیشی لادەبات، لە بەرانبەردا ڕێگە بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ تەواوی ناوچەکانی کەرتی غەززە دەدرێت.
لە یەکەم ڕۆژەوە ڕێگە لەبەردەم چوونی هاوکارییە مرۆییەکان و سووتەمەنی دەکرێتەوە کە ڕۆژانە 600 بارهەڵگر کەلوپەلەکان دەگەیەنن، لە نێویاندا 50 تانکەر سووتەمەنی و 300 بارهەڵگریش هاوکاری بۆ باکووری غەززە دەبەن. ئەو سووتەمەنییەشی دەگات بۆ کار پێکردنی وێستگەی کارەبا، بەکارخستنەوەی نەخۆشخانەکان، نانەواخانەکان و لابردنی پاشماوەکان بەکار دەهێنرێت، ئەو پرۆسەیەش بە درێژایی بەرقەراربوونی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێت.
ئاڵوگۆڕکردنی دەستگیرکراوان و زیندانییەکان.
لە قۆناغی یەکەمدا، حەماس 33 زیندانی ئیسرائیلی ئازاد دەکات جا بە زیندوویی بێت یان ڕادەستکردنەوەی ڕوفاتەکانیان بێت، لە نێویاندا ئافرەتان مەدەنی و سەرباز، منداڵان خوار 19 ساڵ، بەساڵاچووانی سەروو 50ساڵ و کەسانی نەخۆش دەگرێتەوە، لە بەرانبەر ئیسرائیل ژمارەیەک زیندانی فەڵەستنی ئازاد دەکات، بەمشێوەیە:
حەماس هەموو دەستگیرکراوە ئیسرائیلییەکان ئازاد دەکات، لەوانە کچان و کوڕانی خوار 19 ساڵ، بەرانبەر ئازادکردنی هەر ئیسرائیلییەک، 30 منداڵ و ئافرەتی فەڵەستینی ئازاد دەکرێن بە گوێرەی ئەو لیستانەی حەماس پێشکەشیان دەکات.
حەماس هەموو زیندانییە بەساڵاچووەکانی ئیسرائیل ئازاد دەکات کە تەمەنیان لە سەرووی 50 ساڵە لەگەڵ ئەوانەی نەخۆش و بریندارن، لە بەرانبەر ئازادکردنی هەر زیندانییەکی ئیسرائیلی، 30 زیندانی فەڵەستنی تەمەن سەرووی 50 ساڵ ئازاد دەکرێن، ئەمەش بە گوێرەی ئەو لیستانەی حەماس پێشکەشیان دەکات.
حەماس هەموو سەربازە ئافرەتەکانی ئیسرائیلی ئازاد دەکات کە زیندوون، لە بەرانبەر ئازادکردنی هەر سەربازێکی ئافرەت ئیسرائیل 50 زیندانی فەڵەستنی ئازاد دەکات لە نێویاندا 30 زیندانی سزادراوی تاهەتایی و 20 زیندانی سزادراوی دیکە دەبن لەسەر بنەمای ئەو لیستانەی حەماس پێشکەشیان دەکات.
خشتەی ئاڵوگۆڕی زیندانیان و دیلەکان لە نێوان حەماس و ئیسرائیل لە قۆناغی یەکەم بەمجۆرەیە:
لە سێیەمین رۆژی ڕێککەوتنەکەدا حەماس سێ زیندانی ئیسرائیلی ئازاد دەکات، دوای ئەوە حەماس هەر هەفتەیەک سێ ئافرەتی ئیسرائیلی ئازاد دەکات کە ئافرتانی مەدەنیی و سەرباز لەخۆ دەگرێت، لە هەفتەی شەشەمدا حەماس هەموو ئەو دەستگیرکراوە مەدەنییانە ئازاد دەکات کە قۆناغی یەکەمی جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنەکە دەیان گرێتەوە، لە بەرانبەردا ئیسرائیل ئەو ژمارە زیندانییانە ئازاد دەکات کە ڕێککەوتنی لە سەر کراوە و لەلایەن حەماسەوە ناوەکانیان بە لیست پێشکەش دەکرێت.
لە رۆژی حەوتەمدا حەماس زانیاری لەسەر ژمارەی دەستگیرکراوە ئیسرائیلییەکان دەدات کە بڕیارە لە قۆناغی دواتر ئازاد بکرێن.
لە رۆژی 22یەمیندا ئیسرائیل هەموو زیندانییەکانی ڕێککەوتنی شالیت ئازاد دەکات کە دەستگیرکردوونەتەوە.
لە هەفتەی پێنجەمی رێککەوتنەکە ئەگەر ئەو زیندانییە ئیسرائیلییانەی ئازاد دەکرێن ژمارەیەیان نەگاتە 33 کەسی زیندوو، ئەوا بۆ ئە قۆناغە بە رادەستکردنەوەی روفاتەکان ژمارەکە تەواو دەکرێ، لە بەرانبەردا ئیسرائیل هەموو ئەو کچ و منداڵانەی فەڵەستینی ئازاد دەکات کە تەمەنیان لە خوار 19 ساڵە و لە دوای 7ی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە لە کەرتی غەززە دەستگیرکراون.
پرۆسەی ئاڵوگۆڕی زیندانی و دیلەکان پەیوەستە بە پابەندبوون بە مەرج و بنەکانی ڕێککەوتنەکە، لەوانە ڕاگرتنی کردە و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەلایەن هەردوولا، کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل، گەڕانەوەی ئاوارەکان و ڕێگەدان بە گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان.
تەواوکردنی رێکارە یاساییە بۆ ئەوەی زیندانییە ئازادکراوەکانی فەڵەستینی جارێکی دیکە بە هەمان تۆمەتی پێشوو دەستگیر نەکرێنەوە.
جێبەجێ کردنی خاڵەکانی ناوەڕۆکی قۆناغی یەکەم، دەروازەیەکە بۆ گفتوگۆکردن لە سەر جێبەجێ کردنی قۆناغی دووەمی رێککەوتنەکە.
هەڵگرتنی سزاکانی سەر زیندانیانی فەڵەستینی لە گرتووخانەکان و سەربازگەکانی ئیسرائیل کە لە دوای 7ی ئۆکتۆبەرەوە لە دژیان گیراوەتەبەر، هەروەها بارودۆخی زیندانییەکان باش بکرێت لەگەڵ ئەوانەشی لە دوای ئەو بەروارە دەستگیرکراون.
پێش 16هەمین ڕۆژی قۆناغی یەکەم، دەبێت دانووستانە ناڕاستەوخۆکانی ئیسرائیل و حەماس لەسەر وردەکارییەکانی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە دەست پێ بکات بە مەبەستی ئازادکردن و ئاڵوگۆڕی زیندانیان و دیلەکانی ماون، بۆ ئەوەی دەرفەت هەبێت تا بەر لە کۆتایی هاتنی هەفتەی پێنجەمی قۆناغەکە بگەنە رێککەوتن.
رێگە بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسەکانی بدرێت لە نێویاندا ئۆنروا بۆ ئەوەی لە تەواوی کەرتی غەززە لە چالاکییەکانی پێشکەش کردنی هاوکارییە مرۆییەکان بەردەوام بن بە درێژایی تەواوی قۆناغەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەست.
لە تەواوی غەززە دەست بە نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی کەرتەکانی، کارەبا، ئاوی پاک، نەخۆشخانەکان، هێڵەکانی پەیوەندیی و ڕێگاوبانەکان بکرێت، هەروەها بە درێژایی قۆناغەکانی ڕێککەوتنەکە دەبێت ڕێگە بە چوونە ژوورەوەی کەلوپەلەکانی پاککردنەوە و ڕاماڵینی شوێنە وێران کراوەکان بدرێت.
ئاسانکاری بکرێت لەبەردەم گەیاندنی کەلوپەل و پێداویستییەکانی تایبەت بە داڵدەدانی ئەو ئاوارانەی ماڵەکانیان وێرانکراوە و هیچ شوێنێکیان نییە بۆ حەوانەوە، بۆ ئەمەش پێویستیان بە 60 هەزار یەکەی کاتی نیشتەجێ بوون و کەرەڤانە هەیە لەگەڵ 200 هەزار خێمە.
لەگەڵ یەکەم ڕۆژی جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنەکە کەمتر لە 50 چەکداری بریندار بۆیان هەیە لە دەروازەی ڕەفەحەوە بۆ چارەسەر سەفەری دەرەوەی کەرتەکە بکەن، جیا لەمە دەربازبوونی خەڵکی مەدەنیی و چەکداران لە دەروازەی ڕەفەح سنووردار دەبێت، بەڵام هیچ بەربەست و سنووردانانێک جووڵەی بازرگانیی و گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان ناگرێتەوە.
پرۆسەی گشتگیری پلانی بنیادنانەوە شوێنەکانی نیشتەجێبوون، دامەزراوەکان و ژێرخانی مەدەنیی کە بەهۆی شەڕەوە وێران بوون لەگەڵ قەرەبووکردنەوەیان بە سەرپەرشتی وڵاتان و ڕێکخراوەکان دەبێت، لە نێویاندا میسر، قەتەر و نەتەوە یەکگرتووەکان هەن.
هەموو ڕێکارەکانی ئەم قۆناغە، ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی هەردوولا، بەردەوامبوونی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان و کشانەوەی هێزەکان لە خۆ دەگرێت، قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە بە بەردەوامبوونی سەقامگیریی دەست پێدەکات.
قۆناغی دووەم 42 ڕۆژ دەخایەنێت
راگرتنی کردە سەربازییەکان و توندتیژییەکان لە پێناو سەقامگیری بەردەوام دەبێت، هاوکات ئاڵوگۆڕی دەستگیرکراوان و زیندانییەکان لە نێوان هەردوو لایەنی ئیسرائیل و حەماس بۆ ئاڵوگۆڕکردنی پیاوانی ئیسرائیلی لە کەسانی مەدەنی و سەرباز بەرانبەر بە ئازادکردنی دەستگیرکراوە فەڵەستینییەکان بەردەوام دەبێت لەگەڵ کشانەوەی سوپای ئیسرائیل بە تەواویی و لە سەرتاسەری کەرتی غەززە.
قۆناغی سێیەم 42 ڕۆژ دەخایەنێت
روفاتی قوربانیان و کوژراوان لە نێوان ئیسرائیل و حەماس ئاڵوگۆڕ دەکرێن.
دەست دەکرێت بە پلانی بنیادنانەوەی کەرتی غەززە لە ماوەی 3 تاوەکوو 5 ساڵ، کە دروستکردنەوەی یەکەی نیشتەجێبوون، دامەزراوە و ژێرخانی مەدەنی لەخۆ دەگرێت لەگەڵ قەرەبوو کردنەوەی تەواوی زیان پێگەیشتووان بە سەرپەرشتی وڵاتان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، میسر، قەتەر و نەتەوە یەکگرتووەکان.
کۆتایی پێهێنانی گەمارۆی تەواوەتی لەسەر کەرتی غەززە.