راچڵەکین-
ئەمساڵ بڕیارە هەڵبژاردنی عێراق ئەنجامبدرێت لەو بارەیەشەوە گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان لەبارەی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق بەردەوامی هەیە، ئەوەش بووەتە هۆی دروستبوونی ناکۆکی قوڵ لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق، بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانیش هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی پێشنیاری هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ئەنجومەنی نوێنەران دەگەڕێننەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، جەواد یەساری، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكان بۆ دوا كەوتن و رێگری كردن لە هەمواری پێشنیاری یاسای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران هێز و لایەنە سیاسییە گەورەكانەوە و هەموو هەوڵێكیش دەدەن کە یاساكە بەشێوەیەك تێپەڕێنێت کە خزمەت بە بەرژەوەندییە کەسی و حزبییەکانی خۆیان بکات.
جەواد یەساری ئاماژەی بەوەش کرد، درێژە كێشان و بەردەوامی ناکۆکییەكان وا دەكات هەموارکردنی یاساكە قورس بێت، كە پێدەچێت ببێتە هۆی هێشتنەوەی ئەو یاسایەی كە لە ئەنجومەنی پارێزگاکاندا بەبێ گۆڕانكاری بەکارهێنرا لە هەڵبژاردنی پێشتردا.
ئەندامەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باسی لەوەش کرد، ئەم جیاوازی و دابەشبونە سیاسییە رێگری دەکات لە ئەنجامدانی چاکسازییە یاساییە پێویستەکان، بەتایبەتیش دۆسیەیەکی هەستیاری وەک یاساكانی هەڵبژاردن چونكە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر پرۆسەی دیموکراسی عێراق هەیە و ئەوەش دەرەنجامی ئەرێنی لێناکەوێتەوە.
هاوکات لەوبارەیەشەوە جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی عێراق بە راچڵەکین-ی راگەیاند، وەک کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئامادەکارییە تەکنیکییەکانی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی لە ساڵی 2025 دەستپێکردووە و هەوڵیش دەدەن بە میکانیزمێکی نەرم و ئەرێنییەوە هەڵبژاردنەکە بەڕیوەببەن، بەتایبەت دوای ئەوەی تەمەنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق تاوەکوو 6ـی کانوونی دووەمی 2027 درێژکرایەوە دەستکراوەتردەبن لە شەفافیەتدان بە هەڵبژاردنەکە.