راچڵەکین-
چا یەکێکە لە باوترین خواردنەوەکان لە سەرانسەری جیهاندا و لە هەندێک وڵاتدا ڕێوڕەسمی خواردنەوەی چا بناغەیەکی کولتووریی هەیە.
بە گوێرەی "روسیا تودەی"، سەرەڕای سوودە تەندروستییەکانی ئەو خواردنەوەیە، پسپۆڕێک ئاماژە بەوە دەکات کە زیادەڕۆیی لە خواردنەوەی چا دەبێتە هۆی کەمخەوی و دڵەڕاوکێ چونکە کافاینی تێدایە، بەو پێیەی یەک کوپ چای ڕەش نزیکەی ٥٠ میلیگرام کافاینی تێدایە، لە کاتێکدا کوپێک ئیسپرێسۆ نزیکەی ٨٠ میلیگرامی تێدایە، ئەو دەڵێت "هەرکەسێک پێی وابێت چا کافاینی کەمتری لە قاوە تێدایە، بەهەڵەداچووە.
بە وتەی ئەو، "زیادەڕۆیی لە خواردنەوەی چا دەبێتە هۆی کەمی ئاسن لە جەستەدا چونکە چا تانینی تێدایە کە ئاسن دەبەستێتەوە و ڕێگریی دەکات لە هەڵمژینی، ئەمەش بە تایبەتیی بۆ ئەو کەسانە مەترسیدارە کە بەدەست کەمخوێنی یان کەمی ئاستی هیمۆگلۆبینەوە دەناڵێنن، بۆیە باشتر وایە دوای نانخواردن راستەوخۆ چا نەخورێتەوە، بەڵکو دوای ١-٢ کاتژمێر گونجاوترە چا بخۆینەوە، بەڵام نابێت لەبیریشمان بچێت کە تانین مادەیەکی گرنگە چونکە بەهۆیەوە جەستە ڤیتامین P وەردەگرێت.
پزیشکەکە هۆشداری دەدات لە چای خەست، چونکە لەوانەیە ببێتە هۆی دڵەکزێ و گەدە تووشی خوران بکات، هەروەها دەبێتە هۆی قەبزی چونکە تانینی تێدایە، بۆیە ئەوانەی تووشی هەوکردنی گەدە یان بەرزیی ترشەڵۆکی گەدە دەبن پێویستە بە وریاییەوە چا بخۆن. زیادەڕۆیی لە خواردنەوەی چا بارگرانی لەسەر گورچیلە زیاد دەکات، ئەمەش رەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی بەرد، چونکە چای سەوز رێژەیەکی بەرزی ئۆکسالاتی تێدایە، بۆیە ئەو کەسانەی تووشی کێشەی گورچیلە دەبن پێویستە خۆیان لەم خواردنەوەیە بەدوور بگرن.
ئەو لە کۆتاییدا دەڵێت: "چای خواردنەوەیەکی تەندروست و بە تامە، کاتێک بە رێژەیەکی مامناوەند دەخورێتەوە بەرگری جەستە زیاد دەکات و وزەت پێدەدات، یارمەتیت دەدات ئارام بیتەوە، بەڵام کاتێک زیادەڕۆیی تێدا دەکرێت، دەرئەنجامەکانی دڵخۆشکەر نابێت.
هـ . یـ