د. لەتیف رەشید، سەرۆككۆماری عیراق
راچڵەكین -
لەتیف رەشید سەرۆككۆماری عیراق لەسەر پرسی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و تەوتینكردنی مووچەكانیان، سكاڵای یاسایی لەسەر هەریەك لە سەرۆكوەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیری دارایی عیراق تۆمار دەكات.
سەرۆككۆماری عیراق لە دادگای باڵای فیدراڵی، لە بەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، سكاڵای یاسایی لەدژی هەریەك لە مەحمود مەشهەدانی و محەمەد شیاع سودانی و تەیف سامی وەزیری دارایی تۆماركردو داوای لە دادگاكە كردووە دەستبەجێ فەرمانێكی وەلائی دەربكات بۆ پابەندكردنی وەزارەتی دارایی عیراق بە خەرجكردنی مووچەی مانگەكانی رابردووی مووچەخۆرانی هەرێم، كە وەریاننەگرتووە.
لەتیف رەشید لە سكاڵاكەیدا داواشیكردووە، وەزارەتی دارایی عیراق پابەند بكرێت بە خەرجكردنی مووچەی مانگەكانی داهاتووی هەرێم بەشێوەیەكی بەردەوام و لەژێر هیچ بیانوویەكدا رانەگیرێت یان دوانەخرێت، بەیانووی تەوتینكردنی مووچە یاخود بابەتە هونەری و كارگێڕییەكان، وەك تەرازووی پێداچوونەوەو رێكارە هونەری و چاودێرییەكانی دیكە.
خاڵی سێیەمی ناوەڕۆكی سكاڵاكە تایبەتە بە تەوتینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، سەرۆككۆمار داوایكردووە ئەو بابەتە بەگوێرەی رێنماییەكانی تەوتینكردن كە لە بانكی ناوەندیی عیراقەوە دەرچووە، جێبەجێ بكرێت، كە خۆی لە مامەڵەكردن لەگەڵ بانكە حكومی و ئەهلییەكان دەبینێتەوە هاوشێوەی رێكارە كارپێكراوەكانی حكومەتی فیدراڵی، پرۆسەكەش بە هەماهەنگی لەنێوان وەزارەتی دارایی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم بكرێت، فەرمانبەرانیش سەرپشكبكرێن لە هەڵبژاردنی ئەو بانكەی كە دەیانەوێ موچەكانیانی تێدا تەوتین بكەن.
سەرۆككۆمار داواشی لە دادگای فیدراڵی كردووە، ئەنجومەنی نوێنەران پابەند بكات بە هەمواركردنی بەندی 12 لە فەقەرەی (ج)ی یاسای بودجەی گشتی، بۆئەوەی حكومەتی هەرێم بتوانێت پابەندبوونەكانی جێبەجێ بكات لەپێناو گرەنتیكردنی بەشداریكردنی هەرێم لە تەمویلكردنی خەزێنەی گشتی دەوڵەت بە داهاتە نەوتییەكانی.