وادەی دابەشكردنی هاوكاری هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە ئاشكرا دەكرێت

کوردستان

04/02/2025     ژمارەی بینراو 245

راچڵەكین -

وەزارەتی پێشمەرگە وادەی دابەشكردنی هاوكاری دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی 1ی ئەمساڵ بەسەر هێزەكانی پێشمەرگە ئاشكرا دەكات و راشیدەگەیەنێت، لەلایەن هاوپەیمانانەوە جەختكرایەوە كە هاوكارییە دارایی بەردەوام دەبێت.

وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ڕۆژی پێنجشەممە 6-2-2025، هاوكاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی 1-2025ی ئەمساڵ بەسەر ئەفسەر و پێشمەرگەكانی سەر بە دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەكەكانی پیادەی وەزارەت دابەشدەكرێت.

ئاماژە بەوەشكراوە، دوای ئەوەی هاوكارییە داراییەكەی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە و بەرنامەكان (ژمێریاری سەربازی)، كۆتایی بە ڕێكارە دارایی و ژمێریارییەكان هێناوە، بۆ ئەم مەبەستەش ڕۆژی پێنجشەممە هاوكارییەكە دابەشدەكرێت.

وەزارەتی پێشمەرگە باسی لەوەكردووە كە لەلایەن هاوپەیمانانەوە جەختكرایەوە كە هاوكاری دارایی بەردەوام دەبێت، لەم مانگەش سەرووی 40 هەزار پێشمەرگە و ئەفسەرانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، لەڕێگەی پرۆژەی هەژماری من، هاوكارییەكەی هاوپەیمانان وەردەگرن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن