یەکێتی لەبارەی مانگرتن و مووچە خۆی یەکلایی کردەوە

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 1791

راچڵەکین-

یەکێتی نیشتمانی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، پشتیوانێکی راستوڕەوانی هەموو داخوازییەکی رەوای مامۆستایان و هەموو چین و توێژێکی کوردستانن و داکۆکی لە مووچە و گوزەرانی شەرافەتمەندی سەربەزی مامۆستایان و سەرجەم چین و توێژەکان دەکەن. دەشڵێت، " بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆتایی بە سەفەرەکەی لە ئەمریکا هێنا تاوەکوو لە نزیکەوە گوشار بخاتە سەر حکومەتی هەرێم و عێراق بۆ چارەسەری ریشەیی شایستەی دارایی سەرجەم چین و توێژەکان". 

دەقی راگەیاندراوەکە: 

راگەیەندراوێک لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتیوانێکی ڕاستوڕەوانی هەموو داخوازییەکی رەوای مامۆستایان و هەموو چین و توێژێکی کوردستانە کە داکۆکی لە مووچە و گوزەرانی شەرافەتمەندانە و سەربەرزانەی خۆیان دەکەن. هەر لەم چوارچێوەیەشدا سەرۆک بافل جەلال تاڵەبانی کۆتایی بە سەفەرەکەی لە ئەمەریکا هێنا بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گوشار بخاتە سەر حکومەتی هەرێم و بەغدا بۆ چارەسەری یەکجارەکی ئەم ئیستحقاقەی هاوڵاتیان بکات .

وەک یەکێتی نیشتمانیی کوردستان پێمان وایە مانگرتن و چالاکی جۆراوجۆری مەدەنی مامۆستایان و فەرمانبەران لە پارێزگای سلێمانیی ، لە پێناو مووچە و قووتی منداڵەکانیان و دڵنیایی وەرگرتن لەو بارەیەوە ویستێکی مەدەنی دادپەروەرانەیە ، چونکە دیاردەی دواکەوتن و دواخستنی مووچە هیچ بیانوویەک هەڵناگرێت.

بەتایبەتی کە بڕیارەکانی دادگای ئیتحادی لە سەر ئیستحقاقی مووچە روون و ئاشکران و پێویستە ئەم ئیلتیزامە هاوبەشەی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕالی دوور لە دەست شکاندنەوەی سیاسیی جێبەجێبکرێت.

یەکێتیی وێرای داکۆکی لەم داخوازییە مەدەنیانە و پشتیوانی و شانازیی بەم فەزا ئازادییە شایانەی لە دەڤەرەکە هەیە تەئکید دەکاتەوە خەباتی مەدەنی و داخوازی مامۆستایان داخوازییەکی سەرتاسەری کوردستانی و عێراقییە و پێویستە چارەسەرییەکەشی سەرتاسەری بێت و دەربەستییەکی هاوبەشی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عیراقی بە دواوە بێت .

هەرگیز رەوا نییە کۆمەڵانی خەڵک لە دڵەڕاوکێی هاتن و نەهاتنی ئیستحقاقێکی هاوڵاتێتی ئاساییەدا بە بارمتە وەربگیرێن. پێویستە ئەم کێشە لە خوتوخۆڕایی درێژبۆوە بە یەکجاری و لە ڕیشەوە چارەسەر بکرێت.

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

٣-٢-٢٠٢٥


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن