محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق
راچڵەكین -
سەرۆكوەزیرانی عیراق پەیامێكی سوپاسگوزاری ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەران دەكات بەبۆنەی پەسەندكردنی هەمواری یاسای بودجە، داواش لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات لەگەڵ وەزارەتی نەوت دەستبەجێ كار بە هەمواری یاساكە بكەن لەپێناو وبەەرهێنانێكی باشتر لە سامانی نەوت.
باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیران ستایشی هەنگاوە بەرپرسانەو بنیاتنەرەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی كرد بە پەسەندكردنی هەمواری یاسای بودجەی گشتی عیراق بۆ ساڵەكانی (2023، 2024، 2025) بەو دەقەی كە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە رەوانەكرابوو.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، سودانی وێڕای دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ سەرۆك و جێگرانی یەكەم و دووەمی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمان بۆ تێگەیشتنیان و پاڵپشتیكردنی لە دیدگای حكومەت لە جێبەجێكردنی پلانەكانی لە خزمەت رۆڵەكانی گەلەكەمان لەسەرانسەری وڵاتدا، داواش لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە تایبەتەكانی و وەزارەتی نەوتی عیراق دەكات، دەستبەجێ كار بە هەموارەكە بكەن لەپێناو وەبەرهێنان لە سامانە سروشتییەكان بەشێوەیەكی باشتر، بەتایبەتیش سامانی نەوت، بۆئەوەی ئەو سامانە ببێتە فاكتەری پاڵپشتیكردنی سەقامگیری و، هاندانێكیش بێت بۆ جێبەجێكردنی ئەو پلان و بەرنامانەی كە پێویستییەكانی گەلەكەمان دەستەبەر دەكات.
ئەمڕۆ یەكشەممە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق مادەی (12/دووەم/ج)ی لە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵەكانی (2023، 2024، 2025) پەسەندكرد، كە ماوەیەكی زۆر بوو بەهۆی ناكۆكی نێوان لایەنەكان، نەتوانرا پەسەند بكرێت، ماددە هەمواركراوەكە تایبەتە بە هەناردەی نەوتی هەرێم و تێچوونی بەرهەمهێنان.