جەنگی ئابووری نێوان ئەمەریکا و کەنەدا و چین دەستپێدەکات

جیهان

02/02/2025     ژمارەی بینراو 165

راچڵەکین-

دوای تێپەڕبوونی 24 کاتژمێر بەسەر بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی سەپاندنی 25٪ـی باج بەسەر هەریەک لە وڵاتانی کەنەدا و مەکسیک و هەروەها باج بە رێژەی 10٪ بەسەر چیندا،  ئەو سێ وڵاتە هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر بە ئەمەریکا راگەیاند و هەستان بە سەپاندنی باجی زیاتر بەسەر بەرهەمەکانی ئەمەریکا. 

لەو بارەیەوە جەستن ترودۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، دوای کاتژمێرێک لە بڕیاری زیادکردنی %25 باج بەسەر بەرهەمە هاوردەکراوەکانی کەنەدا و %10 بەسەر وزەی ئەو وڵاتە لەلایەن ترەمپەوە،  بڕیاری دا کەنەدا %25 باج بەسەر رسومات و بەرهەمە هاوەردەکانی ئەمەریکا زیاد بکرێت. 

هەر لەو رووەشەوە سەرۆک وەزیری کەنەدا ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ ماوەی مانگێک 107 ملیار دۆلار باج بەسەر کەلوپەلەکانی ئەمەریکا زیاد دەکرێت، کە ئەم سێشەممەیە نزیکەی 20 ملیار دۆلار زیاد دەکەن و ئەو پارەی ماوە لە ماوەی 21 ڕۆژی داهاتوو زیاد دەکرێت بۆسەر کەلوپەلی هاوردەکراوی ئەمریکا. وتیشی، " بڕیاری باجەکەش بەرهەمە کحوولیەکان و میوەی ئەمەریکا دەگرێتەوە.". 

هەروەک کەنەدا لە لایەکی دیکەشەدا، چین ناڕەزایی توندی خۆی بەرانبەر بە زیادکردنی%10 باجەکانی ئەمەریکا لەسەر رسوماتی کەلوپەلی چین دەربڕی و لەو بارەیەوە وەزارەتی بازرگانی چین رایگەیاند، لەسەر ئەو بڕیارەی ئەمەریکا لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی سکاڵا تۆمار دەکەن.

ئاماژەی بەوەش کراوە، لایەنی چینی داوا لە ئەمەریکا دەکات کە کردەوە هەڵەکانی خۆی راست بکاتەوە و لەسەر بنەماکانی یەکسانی و قازانجی یەکتر و رێزگرتنی یەکتر مامەڵە لەگەڵ کێشەکان بکات و گفتوگۆی راشکاوانە بکات. 

لای خۆشیەوە کلۆدیا شەینبام، سەرۆکی مەکسیک هەر لەسەر بڕیاری باج بە رێژەی 25٪ـەوە ئەوەی خستووەتە روو،  وەکوو وەڵامدانەوە بۆ سەپاندی باج لەلایەن ئەمەریکاوە بۆسەر بەرهەمەکانی مەکسیک، ئەو وڵاتەش باجی زیاتر بەسەر ئەمەریکا دەسەپێنێن، هەروەها وەزیری گەنجینەی وڵاتەکەی راسپاردووە کە پلانی B کارا بکەن، ئەویش پێک هاتووە لە هەڵسەنگاندی باجەکان بۆ پاراستنی ئابووریی وڵات.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن