دەرمانێكی نوێی ئازارشكێن بەرهەمدەهێنرێت

تەندروستی

7 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 87

راچڵەكین -

بەڕێوبەرایەتی خۆراك و دەرمانی ئەمریكا حەبێكی نوێی ئازارشكێن پەسەند دەكات كە ئامانجی كەمكردنەوەی مەترسی ئالوودەبوون و زیادەڕۆیی نەكردنە لە حەبی ئازار، ئەمەش ئەو شتەیە كە دەتوانێت قەیرانی دەرمانی ئۆپیۆید لە ئەمریكا كۆتایی پێبهێنێت.

دەرمانەكە ناوی جۆرناكس ( Journavx) ە و لەلایەن كۆمپانیای ڤێرتێكس (Vertex)وە دروستكراوە بۆ كەمكردنەوەی ئازاری كورتخایەن دوای نەشتەرگەری یان برینداربوون و وادەكات خانەكانی دەمار ئاماژەی ئازار نەنێرن بۆ مێشك. ئەمەش یەكەم حەبی نوێی ئازارە كە لە ماوەی زیاتر لە 20 ساڵدا بێتە بازاڕەوە.

بە پێچەوانەی ئۆكسیكۆدۆن و ماددە هۆشبەرەكانی دیكەوە كە دەبنە هۆی ئاڵوودەبوون چونكە كاریگەرییان لەسەر ناوەڕاستی مێشك هەیە، ئەگەری هەیە جۆرناكس دەرمانێك بێت كە نەخۆش ئاڵوودەی نەبێت، چونكە خانەكانی دەرەوەی مێشك دەكاتە ئامانج.

كییپ هەمفریس، پزیشكی پڕۆفیسۆر لە زانكۆی ستانفۆرد لە كالیفۆرنیا دەڵێت "دەرمانێكی كاریگەریی ئازارشكێن كە پێناچێت نەخۆش ئاڵوودەی ببێت و ئەمەش یارییەكە دەگۆڕێت".

دەرمانە نوێیەكە تەنها بۆ ئازاری كورتخایەن پەسەند كراوە، واتە ئەو ئازارانەی كە كەمتر لە سێ مانگ دەخایەنن، بەڵام بۆ ئازاری درێژخایەن پەسەند نەكراوە.

جاكلین كۆریگن، بەڕێوبەری كاربەڕێكەری ناوەندی توێژینەوە و هەڵسەنگاندنی دەرمانەكان، رایگەیاند: پەسەندكردنەكەی ئەمڕۆ نیشانەیەكی گرنگی تەندروستی گشتییە لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئازاری كورتخایەندا.

لە دوو تاقیكردنەوەی كلینیكیدا، كە لە قۆناغەكانی كۆتاییدا بوون، لەسەر زیاتر لە دوو هەزار كەسی پێگەیشتوو كە دوای نەشتەرگەری ئازارێكی مامناوەند بۆ توندیان هەبووە، جۆرناكس ئازارەكەی زیاتر كەمكردەوە لە پلاسیبو بەبێ ئەوەی هیچ كاریگەرییەكی خراپی لێبكەوێتەوە، بەڵام جۆرناكس هێندەی هایدرۆكۆدۆنی ئاڵوودەكار ئازاری كەمنەكردەوە.

تاقیكردنەوەیەكی كلینیكی ناوەند لەسەر نزیكەی 200 نەخۆش كە جۆرێك لە پەستانی دەمارییان هەبوو كە دەبێتە هۆی سیاتیكا، دەریخست كە حەبە نوێیەكە بە شێوەیەكی بەرچاو ئازاری كەمكردووەتەوە، بەڵام كاریگەریی جۆرناكس و پلاسیبۆ لەم توێژینەوەیەدا هاوشێوەی یەكتر بووە.

پزیشكەكەی زانكۆی ستانفۆرد لەبارەی ئەنجامی بەكارهێنانی حەبەكە نوێیەكە وتی:" ئەنجامەكان بێگومان تێكەڵن، بەڵام تەنانەت ئەگەر جۆرناكس شوێنی دەرمانە هۆشبەرەكان بگرێتەوە لە هەندێك لە نەشتەرگەرییەكاندا، ئەوە وادەكات مەترسییەكانی سەر سیستمی تەندروستی بۆ توشبوون بە نەخۆشییەكانی بەكارهێنانی دەرمانی هۆشبەر كەمبكاتەوە".


سەرچاوە/ رادیۆی ئەمریكا

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن