راچڵەكین -
وەزارەتی دارایی عیراق لەبارەی كۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی هەرێم لەسەر پرسی مووچە، روونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت، وردبینی و هاوتاكردنی داتاكانی لیستی مووچەخۆران كراوە.
وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ شەممە بڵاویكردەوە، ئەو زانیاییانەی رەتكردووەتەوە كە باس لەوە دەكرێت تەیف سامی كۆبوونەوە هاوبەشەكەی لەگەڵ شاندی هەرێمی كوردستان بەجێهێشتبێت، كە تایبەت بوو بە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پرسی مووچەخۆرانی هەرێم.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتوووە، وەزیری دارایی عیراق بەشداری لە كۆبوونەوەكەدا كردووەو گفتوگۆی تێرتەسەل كرا بەمەبەستی گەیشتن بە چاسەرێكی دادپەروەرانە كە مافی هەموو هاووڵاتیان دەستەبەر بكات بەپێی دیسپلینە یاسایی و داراییە بەركارەكان.
وەزارەتی دارایی عیراق ئاشكرایكردووە، لەدوای كۆتایی هاتنی كۆبوونەوەكان، تەیف سامی بەپێویستی زانیوە كۆبوونەوەی وەزارەت بكرێت بەمەبەستی وردبینیكردنی راستەوخۆ و دڵنیابوونەوە لە لیستەكان و تێچووی ساڵانەو مانگانەو ئەنجامدانی هەمواری پێویست بە زووترین كات.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكە ئاماژە بەوەكراوە كە كاركردن لەگەڵ لیژنە هاوبەشەكان بە سەرۆكایەتی وەزیری دارایی عیراق و لیژنە هونەرییەكانی نێوان هەردوولا، بەردەوامە لە بەیانییەوە تا درەنگانی ئەمشەو بە مەبەستی وردبینی و هاوتاكردنی داتاكانی مووچەی خانەنشینانی شارستانی و گرێبەستەكان و چاودێری كۆمەڵایەتی، بۆئەوەی بەشێوەیەكی دروست رەوانە بكرێت.