راچڵەکین-
دوای ئەوەی شاندی دارایی بەغدا بۆ ماوەی 11 رۆژ لە هەرێم بوو، رۆژی پێنجشەممە گەڕانەوە بەغدا و رۆژی هەینی شاندی دارایی هەرێم کە لە 19 کەس پێکهاتبوون لەگەڵ شاندی دارایی بەغدا لە هۆتێل بەغدا کۆبوونەوە و ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش دەڵێت، کۆبوونەوەکە دڵخۆشکەر نەبووە و گرژی لە کۆبوونەوەکەشدا دروستبووە.
ئەمرۆ شەممە، سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەنجامی گفتوگۆکانی دوێنی لەسەر خانەنشینی و تەوتین دڵخۆشکەر نەبووە، هەروەها لەسەر میکانیزمی چۆنێتی جێبەجێکردنی یاسای یەکگرتووی خانەنشینی جیاوازی هەبووە لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم و عێراق.
سۆران عومەر راشیگەیاند، لە کۆبووەنەوەکەدا لەسەر پرسی تەوتین و کردنەوەی لقی بانکەکانی رەشید و رافیدەین گرژی دروست بووە و هەرێمی کوردستان پێی خۆش نییە لقی ئەو بانکانە بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان و سوورە لەسەر هەژماری من.
سەبارەت بە کێشەی مووچەی مانگی 12ـی 2024ـیش جەختیکردەوە لەوەی پارەی ئەو مووچەیە لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە و لای بەغدا نییە.
هاوکات بە پێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی، کۆبوونەوەی تیمەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەو تێبینییە هونەریانەی ماون تا هەردوولا بگەنە رێكکەوتن لەسەر مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 بەردەوام دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە رۆژی 31ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ بەسەرپەشتی فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری عێراق کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی شاندی وەزارەتی دارایی عێراق بە سەرۆکایەتی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بەڕێوەچوو.
وەزارەتی دارایی رایگەیاندبوو، "لە کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک لەڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی هەردوو وەزارەت ئامادە بوون، لەکەشێکی ئەرێنیدا و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆ لەسەر بودجە و مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کراو تیشک خرایە سەر ئەو راپۆرت و داواکارییانەی کە لەلایەن تیمی تەکنیکی هاوبەشی هەردوولاوە لە سەر داواکاری وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەماوەی 10 رۆژی رابردوودا لە هەرێمی کوردستان ئامادە کرابوون".
ئەوەشی خستبووە روو، "شاندی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆیان دووپات کردەوە بۆ هەماهەنگی و کاری هاوبەش بەمەبەستی گەیشتن بەچارەسەری گشتگیر بۆ چەسپاندنی تەرخانکراوی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەمساڵدا".