مەكتەبی سیاسی یەكێتی پەیامێك بڵاودەكاتەوە

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 1481

راچڵەكین -

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەیادی 21 ساڵەی كارەساتی یەكی شوبات، پەیامێك بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت: هەتوانی كۆی زامەكان هەر یەكێتیی و پێكەوەیی و خۆپاراستنە لە پیلانی دوژمنان و نەیارانی ئەزموونەكەمان.

دەقی پەیامەكە:

پەیامی مەكتەبی سیاسیی لە یادی كارەساتی یەكی شوبات

كارەساتی یەكی شوباتی ساڵی ٢٠٠٤ یادێكی تاڵە لە دڵی میللەتەكەمان، رۆژی تێكەڵبوونی مژدەی جەژن و خۆشییە لەگەڵ خوێن و فرمێسكی كۆمەڵانی خەڵكی هەولێردا.

كردەوەی تیرۆریستی دوژمنانی گەلی كورد لە دوو بارەگای مەڵبەند و لق كە خەڵك بۆ پیرۆزبایی جەژن و گەردەن ئازادی لە یەكتری لە مەراسیمدا بوون. دەرخەر و دووپاتكردنەوەی ئەو ڕاستییە تاڵەبوو كە نەیارانی ئەم میللەتە لە تیرۆریستان و دوژمنان هیچ جیاوازییەك لە نێوان ڕەنگ و ئاماژەكان ناكەن و هەموو كورد لای ئەوان یەكە و مایەی یەك ئامانجی پەلاماردان و كوشتنن، بۆ ئەو نیازە گڵاوەش پشووی جەژن و لێبوردەیی و پێكهاتنەوە بە زیان و پێچەوانەی ویستی نەگریسیان دەزانن ، هیچ كات ، هەرگیز سڵ لە هیچ تاوانێك ناكەنەوە.

دوای بیست و یەك ساڵ لەو كارەساتەش هێشتا برین و زامی گەلەكەمان، خەمی هاونیشتمانانمان لە هەولێر، خانەوادە و كەسوكاریان قوڵپئەدا و نەڕەویوەتەوە و بە تەواوی سارێژ نەبووە. بێگومان هەتوانی كۆی زامەكانیش هەر یەكێتیی و پێكەوەیی و خۆپاراستنە لە پیلانی دوژمنان و نەیارانی ئەزموونەكەمان، هەتوانەكە هەر پتەوكردنی پایەكانی حوكمڕانیمانە لەرێی ڕاستكردنەوەی رێڕەوەكەی و مشتوماڵكردنی ئەدا و كاراكردنێتی لە خزمەتی ژیان و گوزەرانی خەڵكەكەی خۆمان ، بێ جیاوازی بە هەموو ڕەنگەكانەوە. دەبا بۆ ئەو ئامانجە كار بكەین.

یادی شەهیدەكانی گەلەكەمان، شەهیدەكانی پایتەختی هەرێم لە یەكی شوباتدا هەر زیندوو و بەرز و بڵند بێت.

رۆحیان شاد و ئاسوودە بێت.

مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن