راچڵەکین-
کاتێک قودرەتوڵڵا
قوتابخانەی تەواو کرد زۆرێک لە هاوڕێکانی خۆیان بۆ رۆیشتن بۆ زانکۆ ئامادە دەکرد،
بەڵام ئەو لە ماڵەوە مایەوە، چونکە کێشی ئەوەندە زۆر بوو، لەسەر کورسیی جێی
نەدەبۆوە کە دانیشێت.
قودرەتوڵڵا بە
"بی بی سی" وتووە، "بەردەوام بیرمدەکردەوە چۆن دەتوانم بەو کێشە
زۆرەوە بچمە زانکۆ، تەنانەت ئەگەر بشچم لەوانەیە سوودی نەبێت".
کێشی قودرەتوڵڵا
گەیشتبووە ٢١٦ کیلۆگرام، لەگەڵ باڵایەکی بەرزی ١٨٠سم"ـی، هاوکات قەبارەی
کەمەری بریتیبوو لە ٥٨ ئینج.
ئەو کوڕە خەڵکی جەلالئابادە
لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەفغانستان، ساڵێک لەمەوبەر دەستیکرد بە دابەزاندنی کێشی خۆی
و لەماوەی تەنها ١٠ مانگدا، توانی ببێت بە کەسێکی تەندروست و خاوەنی لەشولارێکی گونجاو.
قودرەتوڵڵا دەڵێت، "لە
ژیانمدا کەسێکی لە خۆم قەڵەوترم نەبینیوە"، قەڵەوبوونی ئەو گەنجە لە تەمەنی
هەرزەکارییەوە دەستیپێکرد، کاتێک سێ ساڵ لەمەوبەر خوێندنی تەواوکرد، کێشی بە
رادەیەکی بەرچاو زیادیکردبوو، دەشڵێت، "کێشە زۆرەکەی بە تەواویی رێگربوو
لەبەردەمیدا بۆ ئەنجامدانی کارە سادەکانی رۆژانەی".
لە ئەفغانستان لەنێو
هەر هەشت پیاوێک، یەکێکیان کێشی جەستەی زیادە و قودرەتوڵڵا بە کەسێکی قەڵەو بەراورد
بە رێژەی قەڵەویی لەو وڵاتەدا هەژمار دەکرا و کێشە زۆرەکەی، بە تەواویی جووڵەی
جەستەی خاو کردبووەوە، ئاماژە بەوە دەکات، "نە دەمتوانی شاخەوانیی بکەم، نە
مەلە، تەنانەت رێڕۆیشتنیشم بەلاوە زەحمەت بوو".
قودرەتوڵڵا بۆ هاتووچۆی
ڕۆژانەی بە تەواویی پشتی بە تاکسی ماتۆڕیی (توک-توک) بەستبوو، بەو پێیەی شوێنی زیاتری
داگیردەکرد، دەبوایە پارەی زیاتر بدات، دۆزینەوەی پێڵاو و جل و بەرگیش بۆ ئەو
یەکێکی تر بوو لە کارە زۆر قورسەکان.
ئەو دەڵێت "هەرگیز
پێڵاوەکانم بۆ ماوەیەکی زۆر بەرگەیان نەدەگرت و نەیاندەتوانی بەرگەی کێشە زۆرەکەم
بگرن و دەدڕان، هەر بەو هۆیەوە خەرجیی جلوبەرگەکەشم تەواو زۆر بوو، هەموو جارێک
پێویستم بە نۆ مەتر قوماش هەبوو بۆ دوورینی جزداشەکەم".
هاوکات قەڵەویی زۆری
ئەو گەنجە بە تەواویی بووەتە هۆکار کە بکەوێتە ژێر توانە و توانجی دەورووبەرەکەی،
ئەمەش زۆر ئازاری داوە.
قودرەتوڵڵا دەڵێت
"هەوڵمدەدا زۆر نەچمە دەرەوە، چونکە دەمزانی خەڵکی گاڵتەم پێدەکەن و لە دوامەوە
قسە دەکەن؛ قسەی جۆراوجۆریان دەکرد".
بەهۆی کێشی زۆرەوە تەندروستی
قودرەتوڵڵا کەوتبووە مەترسییەوە، دووچاری فشاری خوێنی باڵا و کۆلستڕۆڵی بەرزی
کردبوو.
ئەو دەڵێت
"پێویستم بە دوو سەرینی گەورە هەبوو، بۆ ئەوەی بیخەمە ژێر سەرم لە کاتی خەو و
زۆر جاریش بە دانیشتنەوە خەوم لێدەکەوت".
بەهۆی ئەوەی پێشتر
براکەی توانیبووی کێشی خۆی لە ١١٠ کیلۆگرامەوە بهێنێتە سەر ٧٠ کیلۆگرام، قودرەتوڵڵاش
ئیلهامی لە براکەیەوە وەرگرت و دەستیکرد بە دابەزاندنی کێشی جەستەی.
لەبارەی پڕۆسەی
دابەزاندنی کێشییەوە قودرەتوڵڵا باس لەوە دەکات، خووم بە رێجیمی نوێی خواردنەوە
گرت، چوومە هۆڵی لەشجوانی و راهێنەرێکی تایبەتم بەکرێگرت، بۆ ئەوەی خشتەی رێجیمی
خۆراکم بۆ دابنێت و هاوکاریم بکات لە کاتی راهێنانە وەرزشییەکاندا.
قودرەتوڵڵا وازی لە
خواردنی چەور، برنج، گۆشت و خواردنەوە گازییەکان هێنا و بژاردە تەندروستەکانی وەک سپێنەی
هێلکە، زەڵاتە، سنگی مریشکی کوڵاو و ماسی و نانی جۆی هەڵبژارد لە شوێنیان.
باس لەوە دەکات،
"لەسەرەتادا کەمکردنەوەی بڕی خۆراک بەلامەوە قورس بوو، چونکە پێشتر نانم زۆر
دەخوارد، بەڵام زاڵبووم بەسەر خۆمدا و شوێنی بەرنامە رێجیمییەکە کەوتم تاوەکو خووم
پێوە گرت، هەروەها ئاوم زۆر دەخواردەوە".
رۆژانە زیاتر لە پێنج
کاتژمێری لە هۆڵی لەشجوانی بەسەردەبرد، بە خێرایی جەستەی بەرەو بچووکبوونەوە دەچوو،
لە ماوەی ١٠ مانگدا کێشی قودرەتوڵڵا لە ٢١٤ کیلۆگرامەوە بۆ ٩١ کیلۆگرام دابەزی، کە
یەکسانە بە دابەزینی ١٢٣ کیلۆگرام و بڕی رۆژانەی دابەزاندنی ئەو کێشە زۆرە، بە ٤٠٠
گرام لە رۆژێکدا مەزەندە دەکرێت، قەبارەی کەمەری قودرەتوڵڵا گەیشتە ٣٤ ئینج.
هـ . یـ