راچڵەکین-
بڕیاربوو دوای تەواوکردن و ئامادەکردنی لیستی مووچە شاندی دارایی و تەکنیکی حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ بگەڕانایەتەوە بەغدا، بەڵام بەهۆی ئەوەی تا ئێستا سێ مەرج و رێنمایی دارایی عێراق وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە سەردانیکردنی شاندکەی هەرێم دواخرا بۆ کۆتایی هەفتە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بە راچڵەکین-ی راگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق داواى لە شاندى هەرێمى کوردستان کردبوو پێویستە تەرازووى پێداچوونەوەى مانگی 12ـی ساڵی رابردوو لەگەڵ لیستی مووچەى مانگی یەکی ئەم ساڵ بە سیستمی پەیرۆڵ لەگەڵ خۆیان ببەنە بەغداد و ناوى ئەو فەرمانبەرانەشی خانەنشینی دەیانگرێتەوە لە لیستەکەدا دیاریی بکرێت و جیابکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، شاندەکە لەو داواکارییانەى وەزارەتی دارایی عێراق هەیبووە چەند داواکارییەکان وەک خۆی جێبەجێ نەکردووە و بۆ ئەوەی گرفت بۆ ناردنی مووچە دروست نەبێت ئەوە دووبارە پێداچوونەوە بە لیستەکەدا دەکرێت و لەگەڵ تەواو بوونیدا سبەی دووشەممە دەگەڕێنەوە بەغدا.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد، تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی عێراق هێشتا لە هەرێمی کوردستانن و وردبینی لە سێ داواکارییەکەى وەزارەتەکەیان دەکەن و ئەمڕۆ کۆتایی بەسەرجەم لیستەکان دەهێندرێت و سبەی دەگەڕێنەوە بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دواین گۆڕانکارییەکانی لیستی مووچە و خەرجی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە ساڵی 2025ـدا.وتیشی،" ئەگەر لیستەکە وەک خۆی قبوڵ بکرێت ئەوە پارەکە دەنێردرێت و پلانمان هەیە کە لە هەفتەی داهاتوودا لیستی مووچە ئامادە بکەین و بڵاوی بکەینەوە بە ئەگەرێکی زۆرەوە پێش رۆژی 7ـی شوبات دەستبەدابەشکردنی مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵ دەکرێت".
بڕیار بوو ئەمڕۆ یەکشەممە شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغداد بکەن و لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆببنەوە و رێککەوتنێکی نوێ لەبارەی خەرجکردنی مووچە لەساڵی 2025 بکەن و دواتر راسپاردەکانی کۆبوونەوەکە ئاراستەی سودانی بکەن بەڵام کۆبوونەوەکەش بۆ سبەی دووشەممە دواخراوە.