زەردەچەوە توانای چارەسەرکردنی 10 جۆر نەخۆشیی هەیە

تەندروستی

17 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 431

راچڵەکین-

زەردەچەوە بە یەکێک لەو خۆراکە رووەکییانە دادەنرێت کە سوودی زۆری بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە، چونکە پێکهاتەی کورکومینی تێدایە، کە توانایەکی زۆری هەیە بۆ چارەسەرکردن و خۆپاراستن لە هەندێک نەخۆشی.
ئەو نەخۆشییانەی کە زەردەچەوە یارمەتی چارەسەرکردنیان دەدات:

١. هەوکردنی جومگەکان، زەردەچەوە رۆڵێکی گەورەی هەیە لە کەمکردنەوەی هەوکردنی جومگەکان و نەهێشتنی ئەو ئازار و ئاوسانەی کە بەهۆی نەخۆشییەکەوە تووشی دەبین، چونکە کورکومین تایبەتمەندییەکی دژە هەوکردنی بەهێزی هەیە.

٢. نەخۆشییەکانی دڵ، بەپێی توێژینەوەکان، زەردەچەوە یارمەتیدەرە بۆ پشتگیریکردنی تەندروستی دڵ بە شێوەیەکی زۆر کارا بە کەمکردنەوەی هەوکردن و باشتر کارکردنی خوێنبەرەکان.

٣. نەخۆشی هەوکردنی ریخۆڵە، خواردنی زەردەچەوە شانبەشانی چارەسەرە ستانداردەکان بۆ نەخۆشییەکانی هەوکردنی ریخۆڵە یارمەتی نەخۆش دەدات زیاتر هەست بە باشیی بکات، چونکە کورکومین یارمەتی کۆنترۆڵکردنی نیشانەکانی نەخۆشییەکە دەدات.

٤. نەخۆشی تێکچوونی دەمارەکان، زەردەچەوە کاریگەری ئەرێنی لەسەر نەخۆشی تێکچوونی دەمارەکان هەیە، رێگریی دەکات لە بەرەوپێشچوونی نەخۆشییەکە و هەوکردنی مێشک کەمدەکاتەوە، توێژینەوەکان دەریانخستووە کە کورکومین دەتوانێت خانەکانی مێشک لە تێکچوون بپارێزێت، ئەمەش رەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ خاوکردنەوەی دابەزینی توانای وەبیرهاتنەوە لە کەسانی تووشبوو بە نەخۆشی ئەلزەهایمەر.

٥.خەمۆکی، کورکومین ئاستی فاکتەری نیورۆتڕۆفیک کە لە مێشکەوە وەردەگیرێت (BDNF) زیاد دەکات، کە هۆڕمۆنێکە پاڵپشتی گەشەکردن و مانەوەی خانەکانی مێشک دەکات، بەزۆری ئاستی لە نەخۆشانی تووشبوو بە خەمۆکی نزمە، نیشانەکانی خەمۆکی بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر دەبن کاتێک کورکومین بە تەنیا یان لەگەڵ دەرمانی دژە خەمۆکی بخورێت، بەپێی هەندێک لێکۆڵینەوە کە لەسەر نەخۆشانی خەمۆکی ئەنجامدراوە.

٦. هەستیاری، زەردەچەوە دەتوانێت وەڵامی سیستەمی بەرگری جەستە بۆ ماددە هەستیارییەکان بەرەو پێش ببات، ئەمەش بەهۆی تایبەتمەندی دژە هەوکردن تێیدا.

٧. هەوکردنی پێست، تایبەتمەندی دژە هەوکردن و دژە ئۆکسانی زەردەچەوە وای لێدەکات ببێتە گیایەکی کاریگەر لە کەمکردنەوەی هەوکردنی پێست و زوو چاکبوونەوە لێی.

٨. شێرپەنجە، توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە رەنگە کورکومین بەسوود بێت بۆ بەرزکردنەوەی کاریگەری چارەسەری شێرپەنجە، وەک چارەسەری کیمیایی و تیشک و کەمکردنەوەی نیشانەکانی وەک سکچوون و دابەزینی کێش.

٩.شەکرەی جۆری دووەم، کورکومین وەڵامی خانەکانی جەستە بۆ ئەنسۆلین باشتر دەکات، بە یارمەتیدانیان بۆ هەڵمژینی شەکر بە شێوەیەکی کاراتر، بەشدارە لە پشتگیریکردنی ئەنزیمەکان کە چارەسەری نەخۆشی شەکرە دەکەن.

١٠. نەخۆشیەکانی کۆئەندامی هەناسەدان، زەردەچەوە یارمەتی هێورکردنەوەی هەوکردن دەدات لە بۆری هەناسەدا، ئەمەش یارمەتیت دەدات بە ئاسانی هەناسە بدەیت و هەندێک نیشانە کەمدەکاتەوە، وەک کۆکە و هەناسەتەنگی.

هەندێک لە لێکۆڵینەوەکان دووپاتی دەکەنەوە کە ڕەنگە زەردەچەوە یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی ماددە هەوکردنەکان لە جەستەدا، کە دەبنە هۆی ئاوسان و خورانی سییەکان و بۆری هەناسە.

هـ . یـ

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن