راچڵەکین-
کۆمپانیای مێتا خەڵاتێکی لە سەرووی پێنج هەزار دۆلارەوە
راگەیاند، تایبەت بەو بەکارهێنەرانەی تیکتۆک، کە ناوبانگیان هەیە لە ئەمریکا و دەچنە
ناو فەیسبووک و ئینستاگرامەوە.
بە گوێرەی میدیا جیهانییەکان کۆمپانیای مێتا خەڵاتێک لە
سەرووی پێنج هەزار دۆلاری ئەمریکییەوە دەدات بە بەکارهێنەرە بەناوبانگەکانی تیکتۆک
ئەگەر جۆینی فەیسبووک و ئینستاگرام بکەن.
کۆمپانیای تیکتۆک رایدەگەیەنێت زیاتر لە 170 ملیۆن بەکارهێنەری ئەپڵیکەیشنەکە لە ئەمریکا بوونی هەیە و ئەمەش
بەو واتایە دێت، ئەگەر کێشە بۆ بەرنامەکە دروستببێت لە ئەمریکا، ئەوا خەڵکانێکی
زۆر بەدوای ئەپێکی شوێنگرەوەدا دەگەڕێن بۆ پۆستکردن.
مێتا ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو کەسانەی لە بەرنامەیەک
بە ناوی "Breakthrough bonus program"ـدا
قبووڵکراون لە ماوەی 90 رۆژی
سەرەتادا پارەکەیان پێدەدرێت ئەگەر بە بەردەوامیی پۆستیان کردبێت.
پێویستە ئەو بەکارهێنەرانە بەلایەنی کەمەوە 20 ڤیدیۆیان بە شێوەی ریل لە فەیسبووک
و 10 ڤیدیۆشیان
لە ئینستاگرام بڵاوکردبێتەوە لە ماوەی هەر 30 رۆژێکدا.
لە ماوەی رابردوودا دروستبوونی کێشە بۆ تیکتۆک لە
ئەمریکا قسەی زۆری لێکەوتەوە و چەند رۆژێک بەر لە هاتنەسەرکاری دۆناڵد ترەمپ، ئەپەکە
کێشەی تێکەوت و لە کارکردن وەستا، قسە لەسەر ئەوە دەکرێت کە پێویستە ئەپەکە
بفرۆشرێت بە ئەمریکا و کۆمپانیای بایدانسی خاوەنیشی رەتیدەکاتەوە.
هـ . یـ