ئەم خواردنانە یارمەتی خەوێکی باشتر دەدەن

تەندروستی

8 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 258

راچڵەکین-

شارەزایان پێنج خۆراکی تەندروستیان ئاشکرا کرد کە یارمەتی باشترکردنی خەو دەدەن ئەگەر پێش خەوتن بخورێن و رەنگە سوودیان هەبێت بۆ ئەو کەسانەی بەدەست کەمخەویەوە دەناڵێنن.

هۆکارەکانی کەمخەوی زۆرن، لە فشار و دڵەڕاوکێیەوە تا نەخۆشی یان تەنانەت گۆڕانی کەشوهەوا و هەندێکجاریش رەنگە هۆکارەکەی روون نەبێت، هەرچەندە کۆنتڕۆڵکردنی هەندێک لەو هۆکارانە قورسە، بەڵام رێگا زۆرە بۆ باشترکردنی خەو، لەوانە رێکخستنی خۆراکی خۆت.

شێریل لیتگۆ، پسپۆڕی بواری خۆراک و بەرپرسی تەندروستی لە کۆمپانیای Benenden Health، لیستی باشترین ئەو خۆراکانەی بڵاوکردەوە کە دەتوانرێت بخورێت بۆ ئەوەی یارمەتیدەرمان بن بۆ خەوتن، لەوانە:

١.گێلاس، گێلاس خۆراکێکی گونجاوە بۆ باشترکردنی خەو، بەو پێیەی مەگنیسیۆم و تریپتۆفان لەخۆدەگرێت، کە دوو ماددەن یارمەتی ئارامکردنەوەی ماسولکەکان دەدەن و جەستە ئارام دەکەنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی خەوی قووڵ و درێژخایەن.

٢.هەنگوین، هەنگوین هانی بەرهەمهێنانی میلاتۆنین دەدات، ئەو هۆرمۆنەی بەرپرسە لە رێکخستنی خەو، هەروەها یارمەتی هێورکردنەوەی مێشک دەدات، ئەمەش وا دەکات خواردنەوەی تێکەڵەیەکی گەرمی ئاوی لیمۆ و هەنگوین ببێتە هەڵبژاردەیەکی گونجاو پێش خەوتن.

٣.گۆشتی قەل، گۆشتی قەل خۆراکێکە کە دەوڵەمەندە بە ترشە ئەمینیەکان و بەشدارە لە یارمەتیدانی خەوی قووڵ، باشتر وایە یەک یان دوو پارچەی بچووک بخورێت بەڵام زۆر نا بۆ ئەوەی کێشە بۆ کرداری هەرس دروست نەکات.

٤. بادەم، بادەم مەگنیسیۆمی تێدایە کە یارمەتی رێکخستنی ئاستی شەکری خوێن دەدات لە کاتی خەوتندا، ئەمەش یارمەتی ئارامکردنەوەی دەروون و جەستە دەدات و لە حاڵەتی بەئاگابوونەوە بەرەو حاڵەتی ئارامبوونەوە دەیانگۆڕێت.
ئەگەر گۆڕینی خۆراکەکەت بەس نەبوو، دەتوانیت بە پابەندبوون بە رۆتینێکی جێگیر و ئاسایی خەوتنەوە خەوەکەت باشتر بکەیت.

هـ . یـ

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن