نوێترین زانیاری لەسەر مووچەی مانگی ١٢ و یەک

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 1631

راچڵەکین-

گفتوگۆکانی شاندەکەى عێراق و حکومەتی هەرێم لە وەزارەتی دارایی هەرێم ئەمڕۆش بەردەوام بوو، بەو پێیەش هەردوو لا رێککەوتوون لەسەر ناردی 80 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ بۆ عێراق و لە هەفتەی داهاتوشدا لیستی مووچەی مانگی یەک دەنێردرێتە بەغدا. 

 

ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەی شاندی دارایی عێراق و هەرێم بە راچڵەکین-ی راگەیاند، لە میانەی کۆبوونەوەکەیاندا رێککەوتن کراوە لەسەر چەند خاڵێک کە گرنگترینیان، ئەوەیە حکومەتی هەرێم لەمساڵدا مانگانە بەشێوەیەکی جێگیر بڕی ٨٠ ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا دەکات و بڕیارەکەش لەم مانگەوە جێبەجێدەکرێت، لە بەرامبەریشدا بەغدا مانگانە پارەی مووچە رەوانەی هەرێم دەکات. 

 

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، داوایان کردووە کە  گوژمەیەکی دیکەی پارە بۆ تەواوکردن و دابەوشکردنی مووچەی مانگی 12 رەوانەی هەرێم بکرێت تاوەکوو بتوانن لە ماوەی دوو هەفتەی ئایندەدا دابەشی بکەن.

 

هاوکات یەکێکی دیکە لەو خاڵانەى هەرێم و بەغدا لەسەر رێککەوتوون بەگوێرەی سەرچاوەکە ئەوەیە کە دارایی  هەرێم داواى ئەو 723 ملیار دینارە ناکەن کە بەغدا وەک داهاتی ناوخۆ لە پشکی هەرێمى بڕیووە، بەڵکوو گوژمەیەکی دیکە بە شێوەی گواستنەوەی راژەیی دارایی ئەنجامبدرێت بۆ ئەو مەبەستە. 

بڕیارە شاندەکە رۆژى یەک شەممە بگەڕێنەوە بەغدا و شاندێکی تەکنیکی و هونەری هەرێمیش لەگەڵیان دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا و لیستی مووچەى مانگی یەکیش لەگەڵ خۆیان دەبەن و بەوەش هەفتەى داهاتوو بڕیارى کۆتایی لەسەر مووچەى مانگی 12ـی مووچە خۆرانی هەرێم و شێوازى هاتنی پارەی مووچە لەمساڵدا دەدرێت. 





داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن