راچڵەکین-
بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی ئامادەبووان، کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان هەڵگیرا. هاوکات سەرۆکی کاتی پەرلەمانی کوردستان دەستبەرداری پۆستەکەی بوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی ڕەهای ئامادەبووان کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی کوردستان هەڵگیرا، چونکە تەنها 26 پەرلەمانتار ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.
لەو بارەیەوە لاوەند جەلال، راوێژکاری پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: سەرۆکی کاتیی پەرلەمان دەیزانی بەبێ رێککەوتنی سیاسی ناتواندرێت دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرێت، بەڵام هەر داوای کۆبوونەوەکەی کرد، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران ئامادە نەبن و لە ئەنجامدا کۆبوونەوەکە هەڵگیرا.
لەلایەکی دیکەشەوە دوای هەڵگرتنی کۆبوونەوەکە محەممەد سلێمان، سەرۆکی کاتیی پەرلەمان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وەک ناڕازەیەتییەک لە بەرانبەر هەڵنەبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی، دەستبەرداری پۆستە کاتییەکەی بوو.
بە گەڕانەوە بۆ پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، ئەگەر بەتەمەنترین پەرلەمانتار بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران، دەستبەرداری پۆستی سەرۆکی کاتیی پەرلەمان بوو، دووەم بەتەمەنترین پەرلەمانتار سەرۆکایەتیی دانیشتنەکان دەکات تاوەکوو دەستەی سەرۆکایەتی هەڵدەبژێردرێت، بەم پێیەش بێت لەم خۆلەی پەرلەماندا ئازاد محەممەد ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی دەبێتە سەرۆکی کاتیی پەرلەمان.
ڕۆژی 21-01-2025، محەممەد سلێمان، سەرۆکی پێشوتری کاتیی پەرلەمان لە یاداشتێکدا داوای لە پەرلەمانتاران کرد، کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە لە هۆڵی پەرلەمان ئامادە ببن بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان.