راچڵەکین-
بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد زۆر گەورەبوون و هیچ ساڵێک ساڵی بنەبڕکردنی کێشەکان نییە چونکە بەردەوام گۆڕانکارییەکان لە بەرژەوەندی دانی یەکترییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، هیچ ساڵێک نابێتە ساڵی بنەبڕکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بەتایبەتیش لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق چونکە ئەو وەزیرە یاسا جێبەجێدەکات بەو شێوازەی کە لە عێراق شیکردنەوەی بۆ دەکرێت نەک شیکردنەوەکانی هەرێم کە دەیەوێت کێشەکانی پێ چارەسەربکرێت.
فازڵ نەبی ئاماژەی بەوەش کرد، تەیف سامی گوێ لە هیچ لایەنێک ناگرێت بەڵکو بڕیار و یاسا جێبەجێ دەکات و دەڵێت "من یاسای بودجەم هەیە و جێبەجێی دەکەم، یاسای بودجەش کە دەرچووە لە بەرژەوەندیی کوردستان نییە".
بریکاری پێشوتری وەزارەتی دارایی عێراق جەختی لەوەش کردووەتەوە، لە ساڵی 2014ـەوە کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا هەیە و هەر لایەکیان هۆکارێکی هەیە بۆ چارەسەرنەکردنی، چونکە هەرلایەکیان شیکردنەوەیەکی دیاریکراوی هەبووە بۆ بڕیارەکان، ناشیەن پێکەوە چارەسەرێکی کۆتایی بکەن و بڵێن ئەوە چارەسەر بوو بەڵکوو دەیانەوێت هەر یەکێکیان ئەوی دیکە قەناعەت پیبکات لەسەر میکانزیمی چارەسەرەکەی خۆی.وتیشی،" کێشەی ئەم برادەرانەی ئێمە ئەوەیە لە بەغداد بەدواداچونیان نەکردووە بۆ کێشەکان، لەگەڵ ئیدارەی دەوڵەت کاتی خۆی رێککەوتنێک هەبوو و چوار خاڵ چەسپا کە لە ماوەی شەش مانگی یەکەم ئەو چوار خاڵە جێبەجێبکرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی بەدواداچوون نەبوو، ئەوە حکومەت تەواو بوو لەو چوار خاڵە پێنج لەسەدی جێبەجێنەکرا، وەفدی هەرێم زۆر بەخێرایی دەڕۆن و هەندێک قسە دەکەن و دەگەڕێنەوە و ناگەنە چارەسەری کۆتایی، لەبەر ئەوە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد زۆرگەورەتربوون".