راچڵەکین-
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو هەفتە جارێکی دیکە شاندی دەم پارتی لەگەڵ رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆدەبێتەوە و درێژە بە گفتوگۆکانیان لە بارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان دەدەن.
ئاژانسەکانی نزیک لە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویان کردووەتەوە، کە شاندێکی دەم پارتی سەردانی دوورگەی ئیمراڵی دەکەن و لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆدەبنەوە.
بەگوێرەی میدیاکانی دەم پارتی، ئامانجی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی شاندی دەم پارتی لەگەڵ ئۆجەلان، درێژەدانە بە گفتوگۆکانی تایبەت بە پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان لەو بارەیەشەوە سرری سورەییا ئۆندەر، ئەندامی شاندی دەم پارتی بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی تورکیا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، دوای دیداری دووەم کە بڕیارە ئەمڕۆ بکرێت، لە ئاییندەدا دیداری سێیەمیشیان لەگەڵ ئۆجەلان دەبێت و دوای ئەوە، نەخشەڕێگەی رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بۆ پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان دەخەنە ڕوو.
پێشتریش رۆژی دووشەممە شاندێکی دەم پارتی بە مەبەستی پێشکەشکردنی داواکارییەک بۆ دووبارە چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان لــە زیندانی ئیمرالی سەردانی وەزارەتی دادی تورکیای کرد و تاوەکوو ئێستە وەزارەتەکە بە شێوەیەکی فەرمی وەڵامی داواکەی نەداوەتەوە.
یەکەم کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان کە لە ئەحمەد تورک و سرری سورەییا ئۆندەر پێک هاتبوو لە ڕۆژی شەممە، 28ـی کانوونی یەکەمی 2024 بەڕێوەچوو، وە دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە شاندەکە لە چەند خاڵێکدا کە دیارترینیان ئەوە بووە عەبدوڵا ئۆجەلان ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهێزکردنەوەی برایەتیی کورد و تورک وێڕای ئەوەی بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ ناوچەکەش.