راچڵەکین-
بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم کە بە راچڵەکین-ی راگەیاندووە، لە ئەمڕۆوە لیژنەیەكی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی دارایی هەرێم و دارایی عێراق لە هەرێمی كوردستان دەستبەكار دەبن، ئامانج لێشی دیاریكردنی پابەندییەكانی هەردوولایە بۆ چارەسەرکردنی كێشەی مووچە.
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەی شاندی دارایی هەرێم و عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ راچڵەکین ئەوەی ئاشکرا کرد، لە کۆبوونەوەکەی شاندی دارایی هەرێم و بەغدا کە بە سەرپەرشتی ئاوات جەناب، وەزیری دارایی هەرێم و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە میانەی گفتوگۆیان لەسەر ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2025 هاوڕابوون لەسەر ئەوەی هەموو هەوڵەكان بخرێنەگەڕ بۆ لابردنی ئاستەنگەكانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتیش کورتهێنانی مووچە لەم ساڵدا.
باسی لەوەش کرد، بڕیار دراوە کە كۆبوونەوەكان بەردەوام بن و ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو كۆبوونەوەیەكی تر ئەنجام بدرێت، تێیدا بڕیار لەسەر ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم دەدرێت بەگوێرەی پابەندبوونی هەرێم بە رادەستکردنی 50٪ـی داهاتی ناوخۆ و لەبەرامبەریشدا پابەندییەکانی دارایی عێراق بۆ ناردنی شایستە داراییەکان کە لە بەدجەدا هەیە.