گەورەترین یەدەگی نەوت لە عیراق دەدۆزرێتەوە

ئابوری

8 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 204

راچڵەكین -

كۆمپانیای نەوتی ناوەڕاستی عیراق، دۆزینەوەی گەروەترین یەدەگی نەوتی لەناوچەیەكی رۆژهەڵاتی بەغدا راگەیاند، كە پێشبینی دەكرێت زیاتر لە دوو ملیار بەرمیل نەوت بۆسەر كۆی یەدەگی وڵاتەكە زیاد بكات.

كۆمپانیاكە، كە سەر بە وەزارەتی نەوتی عیراقە، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، تیمەكانیان بەهەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیای (EBS)ی چینی، گەورەترین یەدەگی نەوتیان لە كێڵگەی نەوتی رۆژهەڵاتی بەغدا دۆزیوەتەوە، كە برێكی نەوتەو مەزەندە دەكرێت توانای بەرهەمهێنانی رۆژانەی بگاتە زیاتر لە پێنج هەزار بەرمیل نەوت.

محەمەد یاسین حەسەن، بەڕێوەبەری كۆمپانیای نەوتی ناوەڕاستی عیراق، لەبارەی ئەو دۆزینەوەیە رایگەیاند: دەتوانین بڵێین ئەم بیرە نەوتە بە گەورەترین دۆزینەوەی یەدەگی نەوت لەسەر ئاستی عیراق دادەنرێت، پرۆسەی هەڵسەنگاندنی بیرەكەش دەریخستووە كە دەتوانێت زیاتر لە دوو ملیار بەرمیل بۆسەر كۆی یەدەگی نەوتی وڵات زیاد بكات.

بەوتەی بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە، دەتوانرێت بەهاوكاری كۆمپانیا چینییەكە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەو بیرە نوێیە زیاتر بكرێت، كە كاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی توانای بەرهەمهێنانی نەوت لە عیراق دروستدەكات.

بەپێی ئامارەكانی تایبەت بە یەدەگی نەوتی جیهان، عیراق بە 145 ملیار بەرمیل نەوت، لە پلەی چوارەم لەسەر ئاستی جیهان دێت لەڕووی زۆرترین یەدەگی نەوتی سەلمێندراو.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن