ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی شاندی هەرێم و بەغدا ئاشكرا دەكرێت

کوردستان

9 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 393

راچڵەكین -

شاندی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ لە بەغدا كۆبوونەوەو هەردوولا ڕێككەوتن كۆبوونەوەكان بەردەوام بێت و ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو كۆبوونەوەی هاوبەش ئەنجام بدرێت كە تیایدا بڕیاری پێویست لەسەر ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بدرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، بەسەرپەرشتی فوئاد حسێن جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق و سەرۆكی ئەنجومەنی ئابووری، كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لەنێوان شاندی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی ئاوات شێج جەناب، وەزیری دارایی و شاندی حكومەتی فیدراڵ كە پێكهاتبوون لە تەیف سامی وەزیری دارایی و بەنگین ڕێكانی وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی عێراق بەڕێوەچوو.
                               
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆبوونەوەكەدا ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرە گشتییەكانی وەزارەتی دارایی عێراق و تیمی تەكنیكی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان ئامادەبوون، لە كەشێكی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆ لەسەر ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ كراو و هەردوولا هاوڕابوون كە هەموو هەوڵەكان بخرێنەگەڕ بۆ لابردنی ئاستەنگەكانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەم ساڵدا، هاوكات داواكارییەكانی حكومەتی هەرێم بۆ ناردنی ئەو شایستانەی كە ساڵی ڕابردوو نەنێردراوە بەداتا و بەڵگەی فەرمی خرایەڕوو گفتوگۆی لەبارەوە كرا.

هەردوولا ڕێككەوتن كۆبوونەوەكان بەردەوام بێت و ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو كۆبوونەوەی هاوبەش ئەنجام بدرێت كە تیایدا بڕیاری پێویست لەسەر ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بدرێت و ڕاسپاردەی پێویستیش ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بكرێت. 

هەر لەكۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا تیمێكی هاوبەش لە هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی هەرێم پێكبهێنرێت و لەسبەی سێشەممەوە تیمەكە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان دەستبەكار بن و  ئامادەكاری پێویست بكەن بۆ كۆبوونەوەی سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەسەر ئەرك و پابەندییەكانی هەردوولا بۆ ساڵی ٢٠٢٥.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن