وەزارەتی خوێندنی باڵا زەمالەی خوێندنی ماستەر لە كۆریای باشوور رادەگەیەنێت

کوردستان

13 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 81

راچڵەكین -

دوای راگەیاندنی 13 كورسی زەمالەی خوێندنی ماستەرو دكتۆرا لە وتی توركیا، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی فەرمانبەرانی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاگادار دەكاتەوە، كە ئاژانسی كۆیكا (KOICA) لە وڵاتی كۆریای باشوور (15) كورسی خوێندن لە بواری ماستەر لە چەند زانكۆیەكی ئەو وڵاتە تەرخانكردووە.

وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هەر كەسێك كە ئەم مەرجانەی خوارەوەی تێدا بەرجەستە دەبێت و ئارەزووی خوێندنی لە زانكۆكانی وڵاتی كۆریای باشوور هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەم تێبینیانەی خوارەوە داواكاری بۆ پێشكەش بكەن.

- پێشكەشكار دەبێت هاوڵاتی هەرێمی كوردستان بێت.

- پێشكەشكار دەبێت بە لایەنی كەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دوایین بروانامە. 

- ئاستی توانستی زمانی داواكراو لە زانكۆیەك بۆ زانكۆیەك جیاوازە، بۆیە بەر لە پێشكەشكردن، تكایە تەواوی وردەكاریەكانی ئەم بەرنامەیە بخوێننەوە كە داواكاری بۆ پێشكەش دەكەن. 

- داواكار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواكاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشكەش بكات. (واتا بەكالۆریۆس و ماستەرەكەی لە هەمان بوار بێت).

- كاندیدی سەركەوتو تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێدەدرێت واتا بە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەكان.

- كاندیدی سەركەوتو لەلایەن وڵاتی كۆریای باشور پشتگیری دارایی دەكرێت و بۆ وردەكاری زیاتر تكایە سەردانی ماڵپەری زەمالەكە بكەن.

تێبینی:
1) پێشكەشكردن ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ماڵپەری سەرەكی زانكۆكان كە لە پرۆگرامی زەمالەكەدا هاتووە دەبێت.

2) پێشكەشكار دەبێت فایلێك پێشكەش بە بەڕێوەبەرایەتی نێردراوان بكات لە دیوانی وەزارەتەكەمان كە بریتیە لەم دۆكیومێنتانە: (لاری نەبونی شوێنی كاری خۆی، پوختەی ڕاژە، كۆپی پاسپۆرت، فۆرمی زەمالەكە كە پڕی كردوە).

3) دوایین كات بۆ پێشكەشكردنی و هێنانی دۆكیومێنتەكان (٢٥/١/٢٠٢٥) دەبێت.

4) كاندیدی سەركەوتو لە دوای بە دەستهێنانی زەمالەكە، دەبێت سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی/بەرێوەبەرایەتی نێردراوان بكات بۆ پرۆسێسكردنی مامەڵەی مۆڵەتی خوێندن.

5) هەركەسێك ئەم مەرج و رێنماییانەی سەرەوەی تیایدا بەرجەستە نەبێت، دواجار مۆڵەتی خوێندنی پێنادرێت.

6) تكایە بۆ هەر پرسیارێك یان زانیاری زیاتر سەرەتا سەردانی ماڵپەڕی زەمالەكە بكەن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن