چی روودەدات ئەگەر بۆ ماوەی هەفتەیەک تەنها پرتەقاڵ بخۆیت؟

تەندروستی

15 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 349

راچڵەکین-
پسپۆڕێک باس لە کاریگەرییەکانی پرتەقاڵ دەکات لەسەر تەندروستی و لەبارەی کاریگەرییەکانی خواردنی رۆژانەی ئەم میوەیەوە لەسەر دابەزاندنی کێش دەدوێت.

حەلا ئەبو تەها، پسپۆڕی خۆراک لە لێدوانێکدا بۆ "سکای نیوزی عەرەبی" ئاماژە بەوە دەکات کە پرتەقاڵ دەتوانێت بەشێک بێت لە رێجیمێکی تەندروست بەهۆی بەرزیی رێژەی ڤیتامین سی و ریشاڵ تیێدا، بەڵام هۆشداریی داوە لە پشت بەستنی تەواوەتیی پێی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر بۆ ماوەی هەفتەیەک تەنها پرتەقاڵ بخۆیت، بەهۆی کەمکردنەوەی کالۆرییەوە کێشی جەستە بۆ ماوەیەکی کاتی دادەبەزێت، بەڵام چارەسەرێکی درێژخایەن نییە.

روونیشیکردەوە، ئەم رێجیمە کە پشت بە کەمکردنەوەی کالۆرییەکی زۆر دەبەستێت، رەنگە لە درێژخایەندا ئەنجامی نەرێنیی گەورەی لێبکەوێتەوە.

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "جەستە دەچێتە حاڵەتێکی پاراستن و لە کاتی کەمکردنەوەی کالۆریدا دەست دەکات بە سووتانی کەمتر، ئەمەش وا دەکات کە لە درێژخایەندا دابەزاندنی کێشی جەستە قورستر بێت"، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو سیستەمەی پشت بە بێبەشبوون لە کالۆریی زۆر دەبەستێت، لەوانەیە ببێتە هۆی کێشەی تەندروستی دیکەی وەک لاوازیی ماسولکە یان زیادبوونی ترشەڵۆکی گەدە".

ئەبو تەها باس لەوەش دەکات، رەنگە کاریگەری "پرتەقاڵ" ئەرێنی بێت لە دابەزاندنی کێش بەشێوەیەکی کاتی، بەڵام هەموو ماددە خۆراکییە پێویستەکان لەخۆناگرێت، ئەو دەڵێت"پێویستمان بە جۆراوجۆری لە خۆراکەکانماندا هەیە بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی هەموو ئەو ماددە خۆراکییانە بەدەستدەهێنین کە جەستەمان پێویستی پێیەتی".

ئەبو تەها دووپاتی کردەوە کە باشترین چارەسەر پەیڕەوکردنی سیستمی خۆراکی هاوسەنگە کە هەموو ماددە خۆراکییەکان لەخۆبگرێت، لەگەڵ وەرزشکردن، دەڵێت"گرنگترین شت ئەوەیە کە رێجیمێک بدۆزیتەوە کە لەگەڵ خودی خۆت بگونجێت، لەسەر بنەمای راوێژکردن لەگەڵ پسپۆڕێکی خۆراک".

 

هـ . یـ

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن