توركیا و ئەمریكا و هەسەدە لە دانوستانەكان نەرمی و دان بەخۆگرتنێكی زۆر دەنوێنن

جیهان

20 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 249

راچڵەکین-

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە کە دانوستانكارەكان چاویان لە گەیشتنە بە رێككەوتنێكی چاوەڕوانكراو بۆ چارەسەری یەكێك لە پرسیارە هەر كاریگەرەكان، كە مایەی مەترسین لەسەر ئایندەی سوریا، ئەویش چارەنوسی هێزە كوردییەكانە، كە ئەمریكا بە هاوپەیمانی سەرەكی خۆیان دەزانێت دژی رێكخراوی داعش، بەڵام توركیا، بە هەڕەشەیان بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ناودەبات.

ئەمڕۆ دووشەممە، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری دەیان سەرچاوەوە بڵاویکردەوە، دانوستكارە دیپلۆماسی و سەربازییەكانی ئەمریكا و توركیا و هێزەكانی سوریای دیموكرات، بڕێكی باش نەرمی و دان بەخۆگرتن دەنوێنن، وەك لەوەی لە لێدوانە گشتیەكانیاندا دەیردەبڕن.

هاوکات شەش لە سەرچاوەكان رایانگەیاندووە، نەرمی نواندنی تورکیا و هەسەدە و ئەمریکا رەنگە رێگا خۆشبكات بۆ رێككەوتن لە مانگەكانی داهاتوودا، كە رێگە بەچوونە دەرەوەی هەندێك لە جەنگاوەرە كوردەكان بدات لەباكوری رۆژهەڵاتی سوریا، ئەوانەی تریش بچنە ژێر چەتری وەزارەتی بەرگرییەوە لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێن، چەندین پرسی ئاڵۆزهەن کە پێویستی بە چارەسەری ورد و رژدە. 

باس لەوەش کراوە، ئەو پرسانە چۆنیەتی تێكەڵكردنی شەرڤانانی سوریای دیموكرات دەگرێتەوە، كە چەكدارو راهێنراون بە باشی، لە چوارچێوەی ئاسایشی سوریا و ئیدارەدانی ئەو زەمینەی لەدەستیاندایە كە كێڵگە سەرەكییەكانی نەوت و دانەوێڵە دەگرێتەوە، هەروەها بەقسەی دیپلۆماتكاران و بەرپرسانی سەرجەم لایەنەكان، پێدەچێت ئاستی دەسەڵاتی خۆبەڕێبەرێتی كە گروپە كوردییەكان پارێزگاری لێدەكەن، رابوەستێت لەسەر ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا هەڵبژێردراوی بەردەوام دەبێت لەسەر پشتیوانیكردنی دورمەودای واشنتۆن بۆ هاوپەیمانە كوردەكانی.

رۆیتەرز ئەوەشی ئاشکرا کردوو، ترەمپ بە ئاشكرا قسەی نەكردووە لەسەر نیەتەكانی و  ئەو  دوو هەزار سەربازی ئەمریكییەی کە  لە سوریاش هەن، جگەلەوەش نوێنەری ترەمپ هیچشتێکی لەو بارەیەوە نەدرکاندووە. 

لەلایەکی دیکەشەوە رۆیتەرز لە زاری دیپلۆماتكارێكی باڵای ئەمریكا ئەوەی خستووەتە روو، بەرپرسانی ئەمریكا و تورکیا گفتوگۆی زۆر چڕوپڕ ئەنجامدەدەن لەسەر کۆی گشتی پرۆسەی سیاسی و سەربازی لە سوریا. وتیشی،" هەردوو وڵات هاوبەشن لە دیدو پۆچونەكانیان لەبارەی ئەو شوێنەی كە پێویستە كارەكان تیادا كۆتاییانبێت، بەو بڕوایەشی كە سەرجەم چەکدارە بیانیەكان دەبێت لە خاكی سوریا بچنە دەرەوە و دانوستكارە توركەكان دواكارییەكی زۆریان هەیە بۆ یەكلاكردنەوەی پرسەكان، لەگەڵ ئەوەشدا گفتوگۆكان زۆر ئاڵۆزن و كات دەخایەنێت". 



 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن