راچڵەکین-
دۆناڵد ترەمپ، 47ـەمین سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بڕیارە ئەمڕۆ کە
دەکاتە 20-1 لە واشنتن دیسی سوێندی یاسایی بخوات. رێوڕەسمەکە بە بەشداریی ژمارەیەک
سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان، کەسایەتی و بازرگانە دیارەکانی جیهان بەڕێوەدەچێت.
لەو رۆژە دا جگە لە دۆناڵد ترەمپ، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی
هەڵبژێردراوی ئەمریکاش سوێندی یاسایی دەخوات.
رۆژی 20ی مانگ، کاتژمێر 8:00-9:00ـی بەیانی بەکاتی واشنتن و کاتژمێر 5:00-6:00ـی
ئێوارە بە کاتی هەرێم هەریەک لە دۆناڵد ترەمپ و جەی دی ڤانس دەچنە کەنیسەیەکی
واشنتن دیسی و بەشداری چەند رێورەسمێکی ئایینی دەکەن.
پاشان کاتژمێر 9:30-10:30ـی بەیانی بەکاتی واشنتن دی سی 5:30-6:30ـی
شەو بەکاتی هەرێم، ترەمپ و ڤانس دەچنە باڵەخانەی کۆنگرێس و لەوێ ئامادەکاری بۆ
رێوڕەسمی سوێندخواردنەکە دەکرێت.
کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ بەکاتی واشنتن 8:00ـی شەو بەکاتی هەرێم لە
باڵەخانەی کۆنگرێس سەرۆک و جێگرەکەی سوێندی یاسایی دەخۆن.
پاشان کاتژمێر 1:00-3:00ـی دوانیوەڕۆ بەکاتی واشنتن دی سی و کاتژمێر 9:00-11:00ـی
شەو بەکاتی هەولێر سەرۆک و جێگرەکەی بە ئۆتۆمبێلێکی سەر کراوەوە لە شەقامی
پێنسلڤانیاوە بەرەو کۆشکی سپی دەچن.
کاژێر 6:00-7:00ی ئێوارە بەکاتی واشنتن دیسی کاتژمێر 03:00-04:00ـی
بەیانی بەکاتی هەرێم پارچە میوزیکێک لە کۆشکی سپی لێدەدرێت.
هاوکات بەشێک لە سەرکردەکانی جیهان و کەسایەتییە سیاسییەکان بە فەرمی
بانگێشتکراون و بەشداریکردنیان یەکلابووەتەوە، لەوانە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆک وەزیرانی
ئیسرائیل، تاکیشی ئیوایا، وەزیری دەرەوەی ژاپۆن، سوبرەمانیام جایشانکار، وەزیری
دەرەوەی هیندستانن. سەرۆکی چین بانگهێشتکراوە، بەڵام خۆی ئامادە نابێت و نوێنەرێکی
دەنێرێت.
هەروەها، چەندین سیاسی و سەرکردەکان بە تایبەتی لە پارتە راستڕەو،
تووندڕەو و دژەکۆچبەر بانگهێشتکراون. لەوانە؛ خافێر میلی، سەرۆکی ئەرژەنتین،
جۆرجیا میلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، نیگل فاراگ، سەرۆکی پارتی ریفۆرمی
بەریتانیای تووندڕۆ، تینۆ چروپالا، هاوسەرۆکی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا، نوێنەری
ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا.
جگە لەو کەسایەتییە سیاسیانە، باڵیۆزی وڵاتان لە ئەمریکا بانگهێشتی
رێوڕەسمی سوێندخواردنەکە دەکرێن. لەنێویاندا تریفە عەزیز، نوێنەری حکومەتی هەرێمی
کوردستان بانگهێشتی رێوڕەسمەکە کراوە.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دیارترین سەرکردەیە کە تاوەکو ئێستا
لەلایەن ئەمریکاوە بانگهێشتنەکراوە.
لەنێوخۆی ئەمریکاش ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسی بەشداری دەکەن کە
دیارترینیان جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا، باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری
ئەمریکا و جۆرج بوش، سەرۆکی پێشووتری وڵاتەکە بەشداری دەکەن. هەروەها، بەشێکیشیان
بەشداریکردنیان رەتکردووەتەوە، لەوانە میشێل ئۆباما، خانمی یەکەمی پێشووتری
ئەمریکایە.
تائێستا بەفەرمی بانگهێشتکردنی هیچ سەرکردە و سیاسییەکی رۆژهەڵاتی
نێوەڕاست بۆ ئامادەبوون لە رێوڕەسمەکە لەلایەن ترەمپ و کۆشکی سپییەوە
پشتڕاستنەکراوەتەوە.
هاوکات بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمریکا، پێشبینی دەکرێت سەروو 200 هەزار
کەسی ئاسایی بەشداری لەو مەراسیمەدا بکەن، بەڵام دەبێت بلیت بکڕن کە نرخەکەی
نزیکەی 500 دۆلارە. بلیتەکان لەلایەن ئەندامانی کۆنگرێسی هەریەک لە ویلایەتەکانەوە
بەسەر کڕیارەکاندا دابەشدەکرێت.
ئامادەبوونی سەرکردە، کەسایەتییە دیار و بازرگانەکان بە چەند رێگەیەک
دەبێت. لەلایەن کۆشکی سپی، یان سەرۆکی هەڵبژێردراو، یان لیژنەی سەرپەرشتی و ئەو
دامەزراوە و رێکخراوانەی پەیوەندییەکی پتەویان لەگەڵ سەرۆک هەیە و هاوکاری
داراییان بۆ کاتی هەڵبژاردن یان بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکە دابینکردووە، بانگهێشت
دەکرێن.
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، بەرپرس، کەسایەتی و بازرگانانی وڵاتان
دەتوانن بە پێدانی پاڵپشتیی دارایی بە لیژنەی رێکخەری بەڕێوەچوونی مەراسیمەکە مافی
ئامادەبوون بەدەستبهێنن. دەکرێت چەند شوێنێکی جیاوازیان بۆ دابینبکرێت.
رێوڕەسمەکە لەلایەن لیژنەیەکی حکومی کە تایبەتە بە سوێنددانی
بەرپرسانی ئەمریکا بەڕێوەدەبرێت. بە گوێرەی میدیای ئەمریکا، تاوەکو ئێستا ئەو
لیژنەیە زیاتر لە 170 ملیۆن دۆلاری کۆکردووەتەوە.
لیژنەکە
خەرجییەکانی رێوڕەسمەکە لەو پارەیە دابیندەکات کە لەلایەن بەخشەرانەوە پێیان
دەدرێت، لەوانە بارزگانان، کۆمپانیاکان، کەسایەتییە دیارەکان و خەڵکی دیکە.
تائێستا
ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکانی سپەیس ئێکس و تێسلا چەند ملیۆن
دۆلارێک، جێف بیزۆس، دامەزرێنەر و بەڕێوبەری جێبەجێکاری ئەمەزۆن یەک ملیۆن دۆلار و
مارک زوکەربێرگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مێتا یەک ملیۆن دۆلاریان بەو لیژنەیە داوە.
شۆو زی چیو، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تیکتۆکیش بڕێک پارەی داوە، بەڵام
بڕەکەی ئاشکرا نەکراوە.