وەزارەتی خوێندنی باڵا زەمالەی خوێندن لە توركیا رادەگەیەنێت

کوردستان

2 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 99

راچڵەكین -

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژنەوەی زانستی، 13 زەمالەی خوێندنی ماستەرو دكتۆرا لە توركیا رادەگەیەنێت و داواش دەكات هەركەسێك مەرجەكانی تێدایە، داواكاری پێشكەش بكات.  

وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە ئەنجامی سەردانی ساڵی ڕابردووی د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ توركیاو بەسەركردنەوەی دامەزراوەكانی ئەو وڵاتەو ئەنجامدانی لێكگەیشتنی هاوبەش بۆ ئاڵوگۆڕی زانستی و ئەكادیمی و پێشكەشكردنی زەمالەی خوێندن بە فێرخوازانی هەرێمی كوردستان، وڵاتی توركیا (١٣) كورسی خوێندنی ماستەرو دكتۆرا لە بواری جیاجیا پێشكەش بە وەزارەتەكەمان كردووە.

لە راگەیەندراوەكەدا مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و سەرجەم وەزارەتەكانی دیكە ئاگاداركراونەتەوە، كە دەتوانن داواكاری بۆ ئەم زەمالەیە پێشكەش بكەن بەم شێوەیەی خوارەوە:

- هەشت كورسی بۆ دامودەزگاكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.

- پێنج كورسی بۆ وەزارەتەكانی دیكە.

هەر كەسێك سەرباری مەرج و ڕێنماییەكانی زەمالەی توركیا، ئەم مەرجانەی خوارەوەی تێدا بەرجەستە بێت و ئارەزووی خوێندن لە وڵاتی توركیا بكات بە لەبەرچاوگرتنی ئەم تێبینیانەی خوارەوە، داواكاری لە ڕێگەی ئەم لینكە پێشكەش بە سەرچاوەی زەمالەكە بكەن.

مەرجەكان:

• پێشكەشكار دەبێت فەرمانبەر یا مامۆستا بێت لە دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

• پێشكەشكار دەبێت بە لایەنی كەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامە. 

• پێشكەشكار دەبێت كۆنمرەی بەكالۆریۆسی لە ٦٥ كەمتر نەبێت بۆ خوێندنی ماستەر و لە ٧٠ كەمتر نەبێت بۆ خوێندنی دكتۆرا.

• ئاستی توانستی زمانی داواكراو لە بەرنامەیەك بۆ بەرنامەیەك جیاوازە، بۆیە بەر لە پێشكەشكردن، تكایە تەواوی وردەكاریەكانی ئەم بەرنامەیە بخوێننەوە كە داواكاری بۆ پێشكەش دەكەن. 

• داواكار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواكاری بۆ بەرنامە پێشكەش بكات. (واتا بەكالۆریۆس و ماستەرەكەی لە هەمان بوار بێت بۆ خوێندنی ماستەر، ماستەر و دكتۆراكەی لە هەمان بوار بێت بۆ خوێندنی بەرنامەی دكتۆرا).

• كاندیدی سەركەوتوو لەلایەن وەزارەتەكەمان تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێدەدرێت واتا بە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەكان.

• كاندیدی سەركەوتوو لەلایەن وڵاتی توركیا پشتگیری دارایی دەكرێت، بۆ وردەكاری زیاتر تكایە سەردانی ماڵپەڕی زەمالەكە بكەن.

تێبینی:
- هەركەسێك ئەم مەرج و رێنماییانەی سەرەوەی تیایدا بەرجەستە نەبێت، دواجار مۆڵەتی خوێندنی پێنادرێت.

- تكایە بۆ هەر پرسیارێك یان زانیاری زیاتر سەرەتا سەردانی ماڵپەڕی زەمالەكە بكەن. 

- كاتی پێشكەشكردن لە (1/10/ 2025)وە دەست پێدەكات.

- دوای وەرگرتن لەم زەمالەیە، بە مەبەستی كردنەوەی فایل سەردانی ئەم لینكە بكەن:

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن