ئەنجومەنی نوێنەران سێ پڕۆژەیاسای گرنگ یەكلایی دەكاتەوە

عێراق

2 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 140

راچڵەكین -

ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە دانیشتنی رۆژی سێشەممە داهاتوو، دەنگ لەسەر هەرسێ پڕۆژەیاسای باری كەسێتی و لێبوردنی گشتی و گەڕاندنەوەی موڵك بۆ خاوەنەكانیان دەدات، كە ماوەیەكی زۆرە بەهۆی رێكنەكەوتنی نێوان لایەنەكان، هەرسێ پڕۆژەیاسا بە هەڵواسراوی ماونەتەوە.

فەرمانگەی كاروباری پەرلەمانیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڵاویكردەوە، رۆژی سێشەممە 21-1-2025، كاتژمێر 1ی پاشنیوەڕۆ، دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام دەدرێت و یەكەم بڕگەی دانیشتنەكەش تایبەت بە دەنگدان لەسەر هەردوو بڕگەی ( 2 و 10) لە پڕۆژەیاسای باری كەسێتی ژمارە 188ی ساڵی 1959.

بڕگەی دووەمی دانیشتنەكە تایبەت دەكرێت بە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی موڵكە داگیركراوەكان بۆ خاوەنەكانیان، كە لەسەردەمی رژێمی لەناوچووی عیراق، لە خاوەنەكانیان زەوتكرابوو.
 
لە بڕگەی سێیەمی دانیشتنەكەی پەرلەمانی عیراقدا، كە دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای لێبوردنی گشتی دەدرێت، كە لایەنەكانی سوننە پێداگری لەسەر تێپەڕاندنی دەكەن.

ئەو سێ پڕۆژەیاسایە لە دانیشتنەكانی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەراندا هەوڵی تێپەڕاندنی دەدرا، بەڵام بەهۆی ناكۆكی نێوان لایەنەكان لەسەر ناوەڕۆكی پڕۆژەیاساكان، نەتوانرا دەنگی لەسەر بدرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن