راچڵەکین-
راپۆرتێکی
نوێ ئاشکرایکردووە، گووگڵ یەکێتی ئەوروپای ئاگادارکردووەتەوە کە پابەند نابن بە یاسای
داهاتووی ئەوروپا بۆ سەپاندنی رێوشوێنی "پشکنینی راستییەکان".
شایەنی
باسە کە گووگڵ هەرگیز بەشداری پشکنینی راستییەکان نەبووە وەک بەشێک لە ستراتیژی خۆی،
بەڵام پشتگیری لە بنکەیەکی ئەوروپیی بۆ پشکنینی راستییەکان کردووە پێش هەڵبژاردنەکانی
ئەم دواییەی ئەوروپا، ئەمەش دەریخست کە بە تەواوی پارێزراو نییە لە دەستێوەردانی
یاساکان.
یاسای نوێی
پشکنینی راستییەکان بەشێکە لە کۆدی نوێکراوی کۆمیسیۆنی ئەوروپا سەبارەت بە زانیاری
ناڕاست، کە لە سەرەتادا وەک کۆمەڵێک رێنمایی خۆبەخشانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی زانیاری
ناڕاست دەستبەکاربوو بەڵام ئێستا بووەتە یاسایەکی سەپێندراو.
بەپێی
زانیارییەکان، کێنت واکەر، بەرپرسی کاروباری جیهانیی گووگڵ، لە نامەیەکدا بۆ رێنات
نیکۆلای، جێگری بەڕێوەبەری گشتی لە بەشی ناوەڕۆک و تەکنەلۆژیای کۆمیسیۆنی ئەوروپا،
نووسیویەتی کە ئێستا تایبەتمەندیی "پشکنینی راستییەکان" کە کۆدی نوێی دژە
زانیاری هەڵە داوا دەکات، نەگونجاوە بۆ خزمەتگوزارییەکانی گووگڵ و پشتڕاستی کردەوە
کە گووگڵ بەشداری ناکات.
واکەر
ئاماژەی بەوەشکردووە، گووگڵ بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی ئامرازەکانی ئێستای مۆدێرنکردنی
ناوەڕۆک، هەروەها ئاماژەی بە تایبەتمەندییەک کرد کە ساڵی رابردوو لە یوتیوب ناسێندرا
کە رێگە بە هەندێک بەکارهێنەر دەدات کۆنتێکست بۆ ڤیدیۆکان زیاد بکەن کە زۆر لە بەشی
فیدباکەکانی تۆڕی "ئێکس" دەچێت.
ئەم هەنگاوە
لە دوای ئەوە دێت کە مێتا رایگەیاند کۆتایی بە بەرنامەی پشکنینی راستییەکان دەهێنێت
لە ئەمریکا، بۆیە نەزانراوە ئاخۆ مارک زوکەربێرگ پابەندی رێساکانی یەکێتی ئەوروپا
دەبێت یان نا.
هـ . یـ