راچڵەکین-
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە' رایگەیاند، ئەوان وەک هێزێکی کوردی لە سوریا ئامادە نین چەک رادەست بکەن و هێزەکانیشیان هەڵبووەشێننەوە، بەڵام دەکرێت گفتوگۆ لەبارەی تێکەڵبوونیان لەگەڵ پێکهاتەی نوێی سوپای سووریا بکەن و بەشێک بن لە پرۆسەی سیاسی و سەربازیی سوریا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی عەرەبییە هۆشداریدا کە هەر رێکارێکی دیکە لەبری گەیشتن بە رێککەوتنێکی هاوبەش لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا لە بواری سەربازییەوە کێشەی گەورەی لێدەکەوێتەوە، چونکە ئەوان هیچ بڕیارێکیان نەداوە کە چەک دابنێن و هێزەکانیان هەڵبوەشێننەوە، بەڵام ئامادەن گفتوگۆ بکەن لەبارەی پێکهێنانی سوپایەکی نیشتیمانیی لە خاکی سوریا.
مەزڵووم عەبدی جەخت لەوە دەکاتەوە، هەسەدە بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی دۆخەکە پێشنیازی کردووە کە هاودەنگییەک هەبێت دژی هەبوونی هێزی چەکداری زۆر و کەسایەتی بیانی کە وەک بەرپرسی هێزەکانی سوریابن، بۆیە لە ئێستادا پێشنیازی پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش دەکەن کە بە وردی بەدوای دۆخەکەدا بچێت. وتیشی،"نوێنەری هەسەدە بانگهێشتی ئەو کۆبوونەوانە نەکراوە کە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی کاتیی سووریا لەگەڵ گرووپە چەکدارە جیاوازەکانی سووریا ئەنجامیدان لەبارەی تێکەڵبوونیان بە سوپای سووریا بۆیە هەڵوێستی ئێمە بەو جۆرەیە، نەگەینە رێککەوتنێکی هاوبەش و لەدەرەوەی رێککەوتنەکان بین ئەوە کێشەی گەورەی لێدەکەوێتەوە".
مەزڵووم عەبدی ئەوەشی روونکردەوە، پەیوەندییەکانی هەسەدە و ئەحمەد شەرع لەسەر بنەمای کردارن، نەوەک گوتار، بۆیە لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی کە هەسەدە لە لایەن ئێرانەوە چەکی پێدراوە ئەوەشی ئاشکراکردووە کە ئەوان وەک هێزێکی کوردی لە ناوچەکەدا چەکی ئێرانیان پێویست نییە، لەنێویشیاندا درۆن.